لە بەشى ئەندازیارى شارستانى سیمپۆزیۆمێک بەڕێوەچوو
بەچاودێرى و ئامادەبوونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر نورى سادق على سەرۆکى بەشى ئەندازیارى شارستانى و، ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فێرخوازان، لە سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى شارستانى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەمیواندارى مامۆستایەکى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر سیمپۆزیۆمێک بەڕێوەچوو.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١٢/٢٠٢١) لەلایەن ئەندازیارى پلاندانەر (شەماڵ عەلى عوسمان) لە زانکۆى سەڵاحەددین هەولێر، سمپۆزیۆمێک بەناونیشانى (پلاندانى گشتگیر بۆ پڕۆژەکان بەبەکارهێنانى Microsoft project) بەڕێوەچوو.
لە میانەى باسەکەیدا، ئەو ئەندازیارە لەسەرەتادا پێناسەی سۆفتوێر (Microsoft project)ى کرد، پاشان باسى لە ئەگەری بەکارهێنانى ئەو بەرنامەیە و، چۆنیەتى جێبەجێکردنی لەهەموو پڕۆژە ئەندازیاری و پیشەسازییەکان و کۆمپانیاکان و بازاڕی کاردا کرد، وتیشى پڕۆگرامەکە بەشداریەکى کارا دەکات لەڕێکخستن و ئاسانکردنی قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی کار و پڕۆژەکان و، ژمارەی کرێکارى پێویست بۆ هەر پڕۆژەیەک و، ژمارەی کەلوپەلی پێویست بۆ تەواوبوونى پڕۆژەکان و ڕێکخستنی کاتی تەواوکردن و، لە کۆتایشدا ماوەى تەواوبوونى پڕۆژەکە هەر لەسەرەتاوە تا ڕێکەوتى تەواوبوونى دەستنیشان دەکات.
سیمپۆزیۆمەکە، بەپێشکەشکردنى چەند پرسیارێک لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى لە پڕۆژە جیاکان و ڕادەى سەرکەوتن و چارەسەرکردنى گرفتەکان لەلایەن ئامادەبووانەوە ئاراستەى پێشکەشکارى سیمپۆزیۆمە کرا، ئەویش وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە و، سمپۆزیۆمەکە لە کەشێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچوو.