
لە بەشی ڕاگەیاندن چالاکیەک لە بارەی ستراتیژی پەیوەندییە گشتییەكان و بەڕێوەبردنی وێنەی دامەزراوەیی بەڕێوەچوو
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date ئەیلوول 10, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێككەوتی 9-9-2026، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سیمینارێكی زانستیی بەناونیشانی (ستراتیژی پەیوەندییە گشتییەكان و بەڕێوەبردنی وێنەی دامەزراوەیی) لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەبرد، بە ئامادەبوونی فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشەكە.
ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن (سروە هەورامی)، لە بەشی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو پێشكەش كرا. لە دەستپێكدا، ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكان (PR) كرد وەك دوو ڕووی یەك دراو كە تەواوكەری یەكترن بەڵام ئەرك و ئامانجەكانیان جیاوازن. لەو چوارچێوەیەشدا، جیاوازییە بنەڕەتییەكانی لە ڕووی ئامانج، كۆنتڕۆڵ، جەماوەر و ئەنجامەوە خستەڕوو؛ بەوەی پەیوەندییە گشتییەكان پڕۆسەیەكی پەیوەندیی ستراتیژیی دوولایەنەیە و ئامانجی سەرەكیی بنیاتنانی ناوبانگ و متمانەی درێژخایەنە لەگەڵ جەماوەردا.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا، سروە هەورامی تیشكی خستە سەر جۆرەكانی پەیوەندییە گشتییەكان لە ئاستەكانی ناوخۆیی، كۆمەڵایەتی، حكوومی، دەرەكی، وەبەرهێنەران و دیجیتاڵییدا. هاوكات باسی لە هەنگاوەكانی داڕشتنی ستراتیژییەكی سەركەوتوو كرد كە لە شیكردنەوە و پێكهێنانی گوتاری یەكگرتووەوە دەست پێ دەكات تا بەڕێوەبردنی قەیران، بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی و هەڵسەنگاندن. جگە لەوەش، هۆكارەكانی گرنگیی پەیوەندییە گشتییەكانی بۆ دامەزراوە میدیاییەكان ڕوونكردەوە لە ڕووی درووستكردنی تۆڕی پەیوەندی، پاراستنی براند و ڕووبەڕووبوونەوەی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست. لە تەوەری كۆتاییشدا، باسی لەو لێهاتووییە پیشەیی و سرووشتییانە كرد كە پێویستە لە كەسایەتیی كارمەندێكی سەركەوتووی بواری پەیوەندییە گشتییەكاندا هەبن. لە كۆتایی سیمینارەكەدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ كرایەوە و فێرخوازان سەرنج و پرسیارەكانی خۆیان ئاڕاستەی پێشكەشكار كرد و وەڵامی پێویستیان وەرگرتەوە.
وەك ڕێزلێنانێك بۆ پێشكەشكردنی بابەتەكە و هاوبەشیپێكردنی ئەزموونی كاری خۆی لەگەڵ فێرخوازاندا، لەلایەن مامۆستای سەرپەرشتیارەوە و، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشكەش بە خاتوو (سروە هەورامی) كرا.



