لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى ڕوناکبیرى بەڕێوەچوو
بەشە زانستیەکانى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دبلۆماسیەکان و، ڕاگەیاندن و وەرگێران لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوکارى ئەکادیمیاى زانکۆ چالاکیەکى هاوبەشی ڕوناکبیریان بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیە هاوبەشدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکان بەئامادەبوونى سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و، فێرخوازان و ڕوناکبیران و ڕۆژنامەنووسان و نوسەران بەڕێوەچوو، شەفیقی حاجی خدر ناساندنى بۆ نوێترین بەرهەمى کرد، کە وەرگێڕانى ڕۆمانى (کتێبەکەى سەڵاحەدینی ئەیوبی)یە و، لەلایەن تاریق عەلی نوسراوە.
وەرگێڕ لە میانەى خستنەڕو و ناساندنى کتێبەکەدا، سەرەتا باسى لە گرنگى کارى وەرگێڕان بۆ دەوڵەمەندکردنى بوارى ڕوناکبیرى و کەلتورى کرد، پاشان باسى لە ئەزمونى وەرگێڕانى خۆى کرد، لە وێستگەیەکى دیکەى قسەکانیدا بە ووردی باسی ژیانی سەڵاحەدینی ئەیوبی، ئینجا ڕونیکردەوە ڕووداوەکان و گێڕانەوەکانى ناو ڕۆمانەکە سەرنج ڕاکێشن، چونکە باس لە سەرکردەی کورد سەڵاحەددین ئەیوبى لەسەرجەم لایەنەکانى ژیانى دەکات، چ لایەنى سەربازى و چ لایەنى کۆمەڵایەتى…هتد.
لە کۆتایشدا وەرگێڕ شەفیقی حاجی خدر هیواى خواست بەرهەمەکەیان ببێتە جێى ڕەزامەندى خوێنەران و دەوڵەمەندکردنى کتێبخانە و بوارى ڕوناکبیرى کورد، پاشانیش نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و ڕوناکبیرانى ئامادەبوو بەخستنەڕووى سەرەنج و بۆچونەکانیان بەشداریان لە کۆڕەکەدا کرد.
شەفیقى حاجى خدر زیاتر لە (٢٥) کتێبى وەرگێڕانى لە زمانەکانى (هۆڵندى ئینگلیزى و عەرەبى) هەیە و، دەیان وتار و لێکۆڵینەوەى سیاسى بڵاوکردۆتەوە.