گروپێک لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەشدارى لە پرۆگرامێکى ڕاهێنانى (UNFPA) و تۆڕى میدیاى ڕووداو دەکەن
بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی زیاترى فێرخوازان لە بوارە جیاکانى ڕاگەیاندن و، لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و ڕاهێنانییەکانی سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان- هەولێر، کۆمەڵێک فێرخوازى کچ لە بەشى ڕاگەیاندن بەشدارییان لە پرۆگرامی ڕاهێنانی ڕاگەیاندن بۆ خانمان کرد.
ئەو پرۆگرامە، کە لەلایەن تۆڕی میدیایی ڕووداو بە هاوکاری سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، لە ڕێکەوتى (21/1/ 2024) دەستى پێکرد تاوەکو ڕێکەوتى (25/1/2024) بەردەوام بوو.
لە ماوەى بەڕێوەچوونى پرۆگرامەکەدا، فێرخوازانى بەشداربوو، لەلایەن ڕۆژنامەنووس بێستون عوسمان و ڕێباز عەلی چەند بابەتێکیان لەبارەى بنەماکانی کارى ڕۆژنامەگەری پێشکەش کرا، هەروەک پێشکەشکردنی هەواڵ و ڤیدیۆگرافی و فۆتۆگرافی دوو بابەتى دیکە بوون، کە لەلایەن خاتوو نما نەبەز و سەفین حەمید و بڵند تاهیر پێشکەشیان کرا، هەروەها بڕوا کیانى و ساهرە سدیق و عەلى زەڵمى باسى دیجیتاڵ میدیا میدیایان بۆ فێرخوزانى بەشداربوو کرد.
تەوەرەکانى دیکەى پرۆگرامەکە تەرخان کرابوو بۆ ئەپڵیکەیشنی میدیای مەیدانی و، ئاوڕدانەوەیەکی وردتر لە میکانیزمی کاری میدیایی لە تۆڕى میدیاى ڕووداو، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێوەیەکى مەیدانى بابەتەکانیان پێشکەش کرا.
لەمیانەى ئەو پرۆگرامەدا (٢٥) فێرخواز لە بەشەکانى ڕاگەیاندن بەشداریان تێدا کردبوو، لە بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر (٧) فێرخواز لە قۆناغە جیاکان بەشداریان کرد، کە ئەوانیش هەریەک لە (بەناز فاضل محمد، ضحى ارجومنت جمال، سروين سيامند عبدالرحمن، كەڤى رسول ڕەشيد، ساندرا عبدالغني احمد، سروه كاميران يونس و بنوشە پێشڕەو فاروق) بوون.