وەزیرى خوێندنى باڵا لە میانەى بەسەرکردنەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر ستایشى هەوڵە زانستیەکانى زانکۆکە دەکات
دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى وەفدێکى وەزارەت، زانکۆى جیهان-هەولێرى بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە لە ئاستى زانستى زانکۆکەى کۆڵیەوە و، پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ هەنگاوە زانستیەکانى زانکۆکە دوپات کردەوە.
دەستپێکى سەردان:
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢٢) دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، بەگەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ بەگەرمى پێشوازى لێکرا.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى دۆخى زانکۆکان و خوێندنى تایبەت کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخێرهێنانى گەرمى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و شاندى هاوڕێى بۆ زانکۆ کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و، تواناى زانستى زانکۆکە و ئەو دەسکەوتانەى لەماوەى ڕابردودا بەدیهاتون پێشکەشى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕوى چەندایەتى و چۆنایەتى لە گەشەکردنى بەردەوامدایە
بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە کە لە ساڵى ٢٠٠٧ کراوەتەوە، ئەم زانکۆیە لەو ماوەیەدا تا ئێستا گەشەسەندنێکى فراوانى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا خاوەنى (٧) کۆلێژ و (٢٣) بەشى زانستیە، لەهەمان کاتدا هەموو ئامادەکارییەکمان کردوە بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى ددانسازى و دەرمانسازى، وتیشى لە زانکۆى جیهان-هەولێر نزیکەى شەش هەزار فێرخوازمان هەیە، لە ڕووى ستافى زانستیەوە، زانکۆکەمان خاوەن نوخبەیەک لە مامۆستا و شارەزایی خاوەن ئەزمونە کە زۆربەیان لە وڵاتانى دەرەوە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، فەرمانبەرەکانیشمان ڕێژەى (٩٠%) لە دەرچوانى بەشە زانستیەکانى خۆمانن بەتایبەت یەکەمەکانى زانکۆن، ڕونیشیکردەوە لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ دابینکردنى تاقیگەى زانستى و پزیشکی بە پێشکەوتوترین و ئاستبەرزترین ئامێر، لەهەمانکاتدا ژینگەیەکى تەواوى لەبارەى خوێندنمان بۆ فێرخوازان ڕەخساندوە، هاوکات ژینگەى کۆمەڵایەتیش لە زانکۆکەمان فەرامۆش نەکراوە هەربۆیە لە ڕووى هونەرى و کەلتوریەوە، زانکۆکەمان خاوەن کۆمەڵێک دامەزراوە و سێنتەر و تیپى کەلتورى و هونەرییە، لە ڕووى وەرزشیەوە خاوەن ژێرخانێکى وەرزشى پتەوین و یاریگەى داخرا و کراوەمان بۆ فێرخوازانمان دابینکردوە، ئاشکراشیکرد کە زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەنى هەزاران دەرچوە، بەشێکى زۆریان ئێستا پۆستى باڵا لە دامەزراوە جیاکانى پاڕلەمان و حکومەت لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەبەن.
لەسەر ئاستى جیهانى دەسکەوتى گەورە بەدیهاتون
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لەو دەسکەوتە زانستیانە کرد کە لە ماوەى ڕابردودا لە زانکۆکەدا بەدیهاتون، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: زانکۆکەمان خاوەن تۆڕێکى فراوانى پەیوەندى زانستیە لەگەڵ زانکۆکانى ناوخۆ و عێراق و هەرێمى و زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان، ساڵانەش لەسەر ئاستى پسپۆڕییە جیاکان کۆنفرانسى نێودەوڵەتى و هاوبەشى ئەنجام دەدەین.
بۆ پەرەپێدانى لایەنى زانستى پرۆگرامەکانى خوێندنیش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر ڕایگەیاند: هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنى ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ پراکتیزەکردن و پەیڕەوکردنى ستانداردە نێودەوڵەتیەکانى فێربوون، تا ئێستاش بەرهەمى هەوڵەکانمان بەدەستهێنانى ئەکریدەیشنی بەناوبانگترین دوو دامەزراوەی متمانە بەخشینی ئەوروپی (#ASIC و #ZEVA ) بووە بۆ (١٣) بەشى زانستى لە زانکۆکەمان.
هەر لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانمان و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی ستافى زانستى و فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا، لەماوەى ڕابردودا توانیمان لە پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەسی (ERASMUS PLUS) یەکێتی ئەوروپا، چوار فێرخواز ڕەوانەى پۆڵندا بکەین بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا و ئێستا ئەو چوار فێرخوازە لە پڕۆسەى خوێندنن، هاوکات لە چەند ڕۆژى داهاتودا مامۆستایەکى زانکۆکان سەردانى ئەو زانکۆیەدا دەکات بۆ بەشداریکردن لە ڕاهێنانێکى زانستى.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە پێشەنگى ڕیزبەندى زانکۆ تایبەتى و حکومیەکانە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخانکرد بۆ دواین دەسکەوتى زانستى زانکۆکە و ڕایگەیاند: لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) زانکۆکەمان بۆ جارى دوەم توانى لە ڕیزبەندى سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS)، پلەى یەکەم لەسەر ئاستى زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و، پلەى چوارەمى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێ، ئەوە جگە لە چەندین دەسکەوتى زانستى دیکە بەتایبەت لەسەردەمى کۆرۆنا و سودوەرگرتنى زانکۆکانى دیکە لە ئەزمونى زانکۆکەمان بۆ خوێندنى ئەلیکترۆنى.
زانکۆى جیهان-هەولێر دەسکەوتى زانستى بەدەستهێناوە
لە بەرامبەردا، دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى کرد وتى: ئێمە پێشتر زانیاریمان هەبوو لەسەر ئاستى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەڵام ئەمڕۆ زانیارییەکانمان فراوانتر بو و، خۆشحاڵبوم بەبیستنى ئەو زانیارى و دەسکەوتە زانستیانەى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەدیهاتون، وتیشى ئێمە گومانمان لە تواناى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر نیە، چونکە ساڵانە لە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هەمیشە لە ڕیزبەندى پێشەوەى زانکۆ تایبەتەکانە.
خوێندنى تایبەت کۆڵەگەیەکى گرنگى پڕۆسەى فێربونە
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە دیدگەى وەزارەت بۆ خوێندنى تایبەت کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا خوێندنى تایبەت بەبەشێکى گرنگ و دانەبڕاو لە سیستمى خوێندن لە وڵاتەکەمان دایدەنێین، چونکە کۆڵەگەیەکى گرنگن لەپرۆسەى پێگەیاندنى ڕۆڵەکانمان و بونیادنانى توانا مرۆیەکان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا پشتیوانى هەنگاوە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێرە
دکتۆر ئارام محمد قادر لە کۆتایى قسەکانیدا، وتى: هەنگاوەکانتان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن و متمانەی دامەزراوەیی نێودەوڵەتى جێگەی دەستخۆشیە، لەو چوارچێوەیەدا پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتکردەوە، وتیشى ئاگادارم کە زانکۆکەتان لەپاڵ خزمەتکردن بەفێرخوازانى زانکۆ، لەهەمانکاتدا لە ڕێگەى کۆمەڵێک پرۆگرام توانیوتانە خزمەت بەچین و توێژە جیاکانى دیکەى کۆمەڵگە بکەن بەتایبەت لە کاتە سەختەکاندا، ئەوەش دوپاتکردنەوەى ئەرکێکى سەرەکى زانکۆیە بۆ بونیادنان و پەرەپێدانى تواناکانى کۆمەڵگە لە دەرەوەى ژینگەى خوێندن.
ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى ددان و دەرمانسازى تەواو بوە
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا و، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە ژینگەى خوێندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و شاندى هاوڕێى هۆڵێکى خوێندنى بەسەرکردەوە و گفتوگۆى لەگەڵ فێرخوازان کرد، پاشان چەند تاقیگەیەکى لە تاقیگەکانى بەشە پزیشکى و زانستیەکان بەسەرکردەوە، لەناویاندا تاقیگەکانى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان و پزیشکى دەرمانسازى و ئەو ئامادەکاریانەى بۆ کردنەوەى ئەو دوو کۆلێژى کراون، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆ کرد بۆ ئامادەکارییەکان و دابینکردنى تاقیگەکان بەباشترین ئامێرى پزیشکى، هاوکات لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا کتێبخانەى زانکۆى بەسەرکردەوە و گفتوگۆى لەگەڵ فێرخوازانیش کرد.
زێندوکردنەوەى ئەرشیفى گەلەکەمان هەنگاوێکى گرنگە
لە بەشى کۆتاى سەردانەکەیاندا، دکتۆر ئارام محمد قادر ئەرشیفى زانکۆى بەسەرکردەوە، لەو ئەرشیفەدا زۆربەى ئەو بابەتانەى تێدا نمایش کراوە، کە بەزمانە بیانیەکان نوسراون و، زانکۆى کارى وەرگێڕانى بۆ کردوە و نمایش کردوە، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى ئەو کار و پڕۆژە نەتەوەیە تایبەتیەى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، هیواى خواست بەردەوامى بەو پڕۆژە مێژوییە نەتەوەیە بدەن.
بە بەسەرکردنەوەى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کەلتورى زانکۆى جیهان-هەولێر و ،ئاشنابون بەکار و بەرهەمى مامۆستایان و فێرخوازان، شاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆتایى بەسەردانەکەیان هێنا بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر.