وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانین ئاراستەی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکات بۆ تۆمارکردنی داهێنانێکی زانستیی نێودەوڵەتی
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 22, 2026
دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی فەرمی ژمارە (٩٩٩٥) لە ڕێکەوتی (٢١/٦/٢٠٢٦)، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.
ئەم سوپاس و ڕێزلێنانە وەک دەربڕینی پێزانینێک بوو بۆ ئەو هەوڵە زانستییە بەردەوامانەی کە سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە بواری داهێنانی ئەکادیمیدا ئەنجامی داوە، بەتایبەت بۆ تۆمارکردنی داهێنانێکی زانستیی ناوازە کە خزمەتێکی گەورە بە کایەی بەڕێوەبردن و تەکنەلۆژیا دەگەیەنێت، وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە بەشى کۆتایی سوپاس و پێزانینەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست و پاڵپشتیی وەزارەتی بۆ ئەم جۆرە پڕۆژە داهێنەرانە دووپات کردەوە.
ئەم داهێنانە زانستییە، کە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان، بە فەرمی لە سایەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاوەندارێتی فیکری (WIPO) و بەپێی یاسای داهێنانی جیهانی (The Patent Act) تۆمار کراوە. تۆمارکردنی ئەم پڕۆژەیە لە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی لەو جۆرە، متمانەیەکی گەورە دەبەخشێتە توێژینەوە زانستییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، دەیسەلمێنێت کە ئاستی زانستیی مامۆستایان و توێژەرانی کوردستان هاوتای ستانداردە جیهانییەکانە و دەتوانن لە کایە تەکنەلۆژییە ئاڵۆزەکاندا پەنجەمۆری خۆیان جێبهێڵن.
ناوەڕۆکی ئەم داهێنانە زانستییە بریتییە لە بونیادنانی سیستمێکی زیرەک بۆ خشتەبەندیی ئەرکەکان و پێشبینیکردنی هەڵسەنگاندنی ئۆتۆماتیکیی فەرمانبەران بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد“Smart System for Task Scheduling and Prediction of Automated Employee Performance Evaluation using Artificial Intelligence (AI) “ . ئەم داهێنانە تەکنەلۆژییە چارەسەری یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی بەڕێوەبردن لە دامەزراوە و کۆمپانیا گەورەکاندا دەکات؛ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەلگۆریتمە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکردەوە، سیستمەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەرکەکان بەسەر فەرمانبەرانی پسپۆڕدا دابەش بکات و، بە وردی چاودێریی ئاستی کارکردن و بەرهەمهێنانیان بکات بەبێ ئەوەی لایەنگیریی مرۆیی تێدا بێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەڕێوەبەرانی پڕۆژە.
جگە لە لایەنە کارگێڕییەکە، سیستمەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی داینامیکی ئاستی داهاتووی کارمەندەکان و ڕێژەی سەرکەوتنی پڕۆژەکان پێشبینی بکات. لەبەر ئەوەی هەموو پڕۆسەکە بە دیجیتاڵی تۆمار دەکرێت، سیستمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ساڵانە و پاداشت بۆ فەرمانبەران دیاری دەکات، کە ئەمە شەفافیەتێکی ڕەها لە ناو دامەزراوەکاندا دروست دەکات. ئەم داهێنانە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەژمار دەکرێت، چونکە لایەنی تیۆریی زانست بە شێوەیەکی پراکتیکی بۆ خزمەتی پەرەپێدانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.
ئەم داهێنانە زانستییە بەرهەمی هەوڵ و کاری پێکەوەیی تیمێکی پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە، کە تێیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە. ئەندامانی دیکەی تیمی داهێنەرەکە بریتین لە: دکتۆر زێڕەڤان عەبدولموحسین ئەسعەد و دکتۆر بەیار محەمەد ڕەشید عومەر لە زانکۆی جیهان-دهۆک، لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕی وڵاتی هیندستان کە بریتین لە (دکتۆر پ. ئارانگاناسان، دکتۆر ب. بازیر ئەحمەد، دکتۆر د. ڤایشناوی و دکتۆر محەمەد عوزەیر ئەحمەد ئەیوبخان). ئەم هاوبەشییە زانستییە فراوانە، ڕەنگدانەوەی دیدگای زانکۆی جیهان-هەولێرە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە زانستییە جیهانییەکان لە پێناو پەرەپێدانی مەعریفە و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی.



