پاڵەوانێتی تۆپی پێی بەشە زانستیەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێکرد
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١٣/١١/٢٠٢٢) پاڵەوانیەتى تۆپى پێى نێوان تیپى فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە دوو یارى دەستپێکرد.
لەو پاڵەوانێتیەدا، کە لە یاریگاى زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و، دکتۆر ژیان جەمال سەرۆکى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەیارى نێوان تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى تەندروستى کۆمەڵ و زمانى ئینگلیزى دەستپێکرد. لە ئەنجامى یاریەکەدا، فێرخوازانى بەشى تەندروستى کۆمەڵ توانیان بەتۆمارکردنى (١ بە سفر) لە فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى ببنەوە.
لە یارى دووەمدا، کە لە نێوان تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر و تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا بە لێدانى سزا و، بەتۆمارکردنى (٣ بە ٢) تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر توانیان لە تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان ببنەوە و یاریەکە لە بەرژەوەندى خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. هەر دوو یاریەکە لە کەشێکى وەرزشى و کێبڕکێی بەهێز بەڕێوەچوو.
پاڵەوانیەتى تۆپى پێى نێوان تیپى فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى بەشى کارگێڕى کار و، بەهاوکارى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بە سپۆنسەری کۆمپانیای DMK Cosmetics بەڕێوەدەچێ.