گروپێک لە فێرخوازانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی سەردانی خانەی بێ سەرپەرشتان دەکەن
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى خۆبەخشى بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى خانەى بێ سەرپەرشتانى هەولێریان کرد و، کۆمەڵێک دیاریان پێشکەش بە منداڵانى خانەکە کرد.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پاڵپشتی و چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و، وەک بەشێک لە چالاکییە خۆبەخشیەکانیان، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغەکانى سێیەم و چوارەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی بە سەرپەرشتی دکتۆر ئامینە سەباح جومعە، سەرۆکى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی سەردانى خانەى بێ سەرپەرشتانى هەولێریان کرد و، لە لایەن شێروان عەبدولڕەحمان حسێن بەڕێوەبەرى خانەکە پێشوازییان لێکرا.
پاشان، فێرخوازان دەستیان بەئەنجامدانى چالاکیەکەیان کرد، کە بریتی بوو لە یاریکردن و چالاکیی جۆراجۆرجۆر، کە بەهۆیەوە کاتێکى پڕ لە خەندە و خۆشیان بۆ منداڵان ڕەخساند، دواتریش وەک بەشێک لە هاوکارییەکان و بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانیان، فێرخوازان کۆمەلێک دیارییان بەسەر منداڵان دابەشکرد، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى و دڵخۆشى منداڵان.
لە کۆتایشدا؛ بەڕێوەبەرى خانەکە جەختی لە پێویستى و گرنگی ئەم جۆرە سەردانە مرۆییانە کردەوە، کە ڕۆڵی گەورەیان لە چەسپاندنی پەیوەندی خۆشەویستی و هاودەنگی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، بۆ ئەوەش سوپاسی خۆبەخشانی کرد بۆ کات و هەوڵە بەنرخەکانیان لە هێنانەدی خۆشی و هیوا بۆ دڵی منداڵانى خانەکە.