گۆڤارە زانستیەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر پێگەیەکى دیاریان لە پلاتفۆڕمی گۆڤارە زانستیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا هەیە
لەپێناو گەشەپیدانی توانا و کواڵتی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان و کۆکردنەوەى گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆکان، ئەنجومەنی باڵای توێژینەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی، سەرجەم گۆڤارە زانستەیەكانی زانكۆكانی كوردستان لە پلاتفۆرمێكدا كۆکردەوە، گۆڤارە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێگەیەکى دیار و بەرچاوی لە پلاتفۆرمەکەدا هەیە.
لەو پلاتفۆرمەدا، کە گشت گۆڤارە زانستەکانی هەرێمی کوردستانى تێدا بڵاوکراوەتەوە، ئامانج لەو هەنگاوە ئاسانكارییە بۆ مامۆستایان و توێژەران بەمەبەستى دەستخستنى سەرجەم سەرچاوەكانی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی، هەربۆیە لە پلاتفۆرمەکەدا گۆڤارەكان بە پێی لیستی زانكۆكان و جۆرێتی بابەتی بڵاوكردنەوە پۆلێن كراون، ھەروەھا سەردێری پەیجەكان بە ھەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەست کراوە. لە تابی لێگەڕانیشدا دەتوانرێت بە نوسینی كلیلە وشە ئەو گۆڤارەی مەبەستە بە شێوازێکی خێرا بدۆزرێتەوە.
زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن دوو گۆڤارى زانستى مەحکەم و ئاستبەرز و باوەڕپێکراوەکانە، یەکەمیان گۆڤاری زانستی زانکۆی جیهان-هەولێر (CUESJ)ە، کە گۆڤارێکی ئەکادیمیە ساڵانە بەدوو ژمارە توێژینەوەی ڕەسەن لە هەموو بوارەکانی زانست و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا بڵاودەکاتەوە. لە ئێستادا گۆڤارەکە بۆتە ئامرازێکی گرنگى پەیوەندیکردن لە نێوان هەموو توێژەران لە سەرانسەری جیهان.
گۆڤارى دووەم، گۆڤاری زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی چیهان-هەولێر (CUEJHSS)ە، کە گۆڤارێکی ئەکادیمییە ساڵانە بەدوو ژمارە توێژینەوەی ڕەسەن و ئاستبەرز لە هەموو بوارەکانی (زانستی سیاسی، مرۆڤناسی، ئابووری، یاسا، زمانەوانی، پەروەردە و خوێندن، جوگرافیا، مێژوو، دەروونزانی، کۆمەڵناسی، ڕاگەیاندن، کار و بەڕێوەبردن و سەرجەم بوارە پەیوەندیدارەکانی تر زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان) بڵاودەکاتەوە.
پلاتفۆرمی گۆڤارە زانستیەکانی کوردستان، لە ڕێگەى وێبسایتى www.kasj.krd بەردەستە و گشت گۆڤارە زانستەکانی هەرێمی کوردستانى تێدا کۆکراوەتەوە، لە ئێستادا خراوەتە بەردەستى توێژەران و مامۆستایان.