بەشى تەندروستى کۆمەڵ چالاکیەکى پزیشکى خۆبەخشى فێرخوازانى بەڕێوەبرد
لە بەردەوامى چالاکیەکانى بەشى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، چالاکیەکى تایبەتى لە بوارى پشکنینى پزیشکى بەڕێوەبرد.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١٠/٢٠٢١) بەچاودێرى سەرۆکایەتى بەشى تەندروستى کۆمەڵ بەدروشمى (با هەمووان ئاگادارى تەندروستیمان بین)، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکە، چەند پشکنینێکى پزیشکیان بۆ ژمارەیەکى زۆر لە فێرخوازان و فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆ ئەنجامدا.
پشکنینەکان تایبەت بوون بە پشکنینى ڕێژەى شەکرەى خوێن، پشکنینى پەستانى خوێن، پێوانى کێش و باڵا و ڕێژەى قەڵەوى، ئەنجامى پشکنینەکان لەلایەن پزیشکانى ڕاوێژکار هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و، لەهەمانکاتدا ڕێنمایی تەندروستیان پێشکەش بەو کەسانە کرد، کە پشکنینیان کردبوو بەتایبەت ئەوانەى کێشەیان هەبوو.
لە چالاکیەکەدا، ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازان و میوانانى زانکۆ بەشداریان تێدا کرد، بەڵام ئەوەى لە دەرئەنجامى پشکنینەکانى ئەو چالاکیە دەرکەوت زۆربەى بەشداربوون قەڵەوبوون و کێشەیان زیاتر بووە لە ڕێژەى ئاسایی خۆیان، بۆ ئەوەش لەلایەن پزیشکانى پسپۆڕ ڕێنمایی زانستى تەندروستییان پێدرا.
ئەم چالاکیەش دەچێتە پاڵ ئەو چالاکیە زانستیە بەردەوامانەى، کە ساڵانە فێرخوازانى بەشى تەندروستى کۆمەڵ پێشکەشى کۆمەڵگەى دەکەن، هەروەک دەبێتە ئەزمونێکى پراکتیکى گرنگ بۆ کارى داهاتوویان.