
بەشی ڕاگەیاندن بە هاوکارى کۆمپانیای ڕۆیاڵ ڕەحمانی هەڵمەتێکی مرۆیی بۆ هاوکاریکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە هەولێر بەڕێوەبرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 24, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 23ی تشرینی دووەمی 2026، بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاریی کۆمپانیای ڕۆیاڵ ڕەحمانی بۆ ئامێرە کارەبایییەکان، دەستپێشخەرییەکی مرۆیی بۆ ئەو خێزانە بەڕێوەبرد، کە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دوایییەی شاری هەولێرەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
زستانێکی گەرمتر بۆ خێزانەکانمان
هەڵمەتەکە بە دروشمى «لە دڵەوە بۆ دڵ… زستانێکی گەرمتر بۆ خێزانەکانمان» بەڕێوەچوو، کە تێیدا (30) گەرمکەرەوەی کارەبایی (هیتەر)یان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کران کە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دوایییەی شاری هەولێرەوە زیانیان بەرکەوتبوو. هەڵمەتەکەش بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانە بوو لە بەرەنگاربوونەوەی سەرمای وەرزی زستاندا.
تایبەتمەندیی گەرمکەرەوە دابەشکراوەکان
ئەو گەرمکەرەوە کارەبایییانە (هیتەرە)کان بەوە دەناسرێنەوە کە تەنها بە (1) ئەمپێر کارەبا کار دەکەن، ئەمەش وایان لێ دەکات گونجاو بن بۆ ئەو ماڵانەی بڕی پێدانی کارەبایان سنووردارە و، هیچ بارگرانییەکی داراییی زیادە ناخەنە سەر شانی خێزانەکان.
شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە
پڕۆسەی دابەشکردنەکە لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر، بە چاودێریی مامۆستای یاریدەدەر ئازوەر مەهدی قاسم ئاغا سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن و، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەکەریم و، بە بەشداریی نوێنەرانی کۆمپانیای ڕۆیاڵ ڕەحمانی. بەشێوەیەکى ڕێکخراو لەلایەن ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەسەر ئەو خێزانانە دابەش کران، کە شایستەبوون.
خێزانەکان ستایشى هەڵمەتکە دەکەن
ئەم دەستپێشخەرییە مرۆیییە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و، خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی زانکۆی جیهان-هەولێردا و لەبەر ڕۆشنایی ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام دێت بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و، پشتگیریکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان و، لە کۆتاییشدا سەرۆکایەتی بەشی ڕاگەیاندن سوپاسى کۆمپانیای ڕۆیاڵ ڕەحمانی کرد لە بەرامبەر هاوکاری و، هەماهەنگییان لە سەرخستنی ئەم هەڵمەتە مرۆیییەدا.
هاوکات خێزانە سودمەندبووەکان ستایشى هەڵمەتەکەیان کرد و، دەستخۆشیان لە ڕێکخەران و فێرخوازان بەڕێوەبەرانى پرۆسەکە کرد و، بەهەنگاوێکى گرنگى بەدەنگەوەچون وەسفیان کرد.



