فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کوردستان24 بەسەردەکەنەوە
بۆ لە نزیکەوە ئاشناکردنى فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەژینگەى کارکردن و چۆنیەتى کارکردنى میدیاکاران لە دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن گەشتێکى زانستى بۆ کەناڵى ئاسمانى کوردستان24 ڕێکخست.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (25/9/2022) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى) فێرخوازانى قۆناخى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن سەردانى کەناڵى ئاسمانى کوردستان24 ولەلایەن خاتوو (هیبە عەزیز) لە بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییەکان پێشوازیان لێکرا، دواتر لە یەکێک لە ستۆدیۆیەکانى کەناڵەکە کورتەیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى کەناڵى کوردستان24 و پێکهاتەکەى و ژمارەى ئۆفیسەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەى کورستان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
پاشان لە ژوورى هەواڵ لەلایەن (کوڤان عیزەت) لێپرسراوى بەشەکە باسى پێکهاتەى نیوز ڕووم لە کەناڵەکە و سەرچاوەى هەواڵەکانیان و شێوازى کارکردن کارمەندانى ژورەکەی بۆ کردن، ئەوەشى ڕونکردەوە ڕۆژانە چەند بڵاوکراوەکەى هەواڵیان هەیە، ئەوە جگە لە ڕوماڵە ڕاستەوخۆکان و بۆنە تایبەتیەکان کە پێشتر خۆیان بۆ ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەش باسى لە وردەکارى کارەکانیان و چۆنیەتى هەماهەنگیکردنى بەشەکان لەگەڵ یەکتر بۆ بڵاوکراوەى هەواڵەکان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، لەلایەن (هەڤاڵ مەلا) فێرخوازان ئاشناى کارکردن لە میدیاى نوێ کران، بەتایبەت وێبسایت و پێگەى کەناڵى کوردستان24 لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بۆ ئەو مەبەستە ئەو کارمەندەى بەشى دیجیتاڵ میدیا لە کەناڵى کوردستان24 وتى: هەماهەنگى تەواومان لەگەڵ نیوز ڕووم و ستافەکەى و بەشى دیزاین هەیە، بەڵام جیاواز لەکەناڵەکە لەگەڵ پەخشکردنى هەواڵ و چالاکى بەزمانى سۆرانى و کرمانجى لەهەمانکاتدا بە چەند زمانێکى دیکەش هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیان بڵاودەکەنەوە.
هەر لە کەناڵى کوردستان24 فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن ڕادیۆى کوردستان24یان بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەدا هندرێن محەمەد بەڕێوەبەرى ڕادیۆ ئەوەى بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە، کە کارکردن لە ڕادیۆ جیاوازە لە کارکردن لە تەلەفزیۆن یان ڕۆژنامە، چونکە لێرە بایەخى زۆر بەدەنگ دەدرێ، بەڵام لە ئـێستادا سوود لە میدیاى نوێ وەردەگرین و زۆربەى بەرنامەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەى ڕاستەوخۆ پەخش دەکەین، وتیشى کارکردنمان لەسەر بنەمایەکى نیشتمانیە بەبێ جیاوازیکردن لە دەنگ و ڕەنگ و مەزهەب و نەتەوە، هەروەک بایەخدان بەگەنجان و ژنان شاڕێى کارکردنمانە، بەڕێوەبەرى ڕادیۆى کوردستان24 بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخانکرد بۆ تایبەتمەندییەکانى ڕادیۆ و ئەوانەى خوازیارن لە ڕادیۆ کاربکەن بەتایبەت پەروەردەکردن بەدەنگ و ژێیەکانى دەنگ.
لە کۆتایشدا، فێرخوازان بەشى کۆنتڕۆڵ و مەیکەپ و ستۆدیۆ و چەند بەشێکى دیکەى دامەزراوەکەیان بەسەرکردەوە و، چەندین پرسیاریان لەبارەى شێواز و چۆنیەتى وردەکارى کارەکانیان ئاراستەى کارمەندان و بەرپرسانى بەشەکان کرد.