فێرخوازانى زانستى تاقیگەى پزیشکى بەردەوامن لە سەردانە مەیدانیەکانیان
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى کارکردن لە تاقیگەکان و، مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەى تاقیگەکان لە نەخۆشخانەکان، سەرۆکایەتى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر درێژە بە سەردانە مەیدانیەکانى فێرخوازانى دەدات.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١٠/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سەروان وەسمان حمه سەرۆکی بەشی زانستی تاقیگەی پزشیکی، فیرخوازانی قوناغی دووەم بەسەردانێکى مەیدانى لە شارى هەولێر نەخۆشخانەى سۆرانى تایبەتیان بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى نەخۆشخانەکەدا، فێرخوازان بەتایبەت سەردانى تاقیگەکانى نەخۆشخانەکەیان کرد، بۆ ئەوەش سەرپەرشتیارانى تاقیگە جیاکان بەوردى باسیان لە شێوازى کارەکانیان بۆ فێرخوازان کرد لەگەڵ ئەو پشکنینانەى کە ئەنجامى دەدەن بەتایبەت پشکنینی خوێن، پشکنینی ڤایرۆس، پشکنینی بەکتریا لەگەڵ پشکنینه کیمیایەکان.
هەروەک گەشتەکە بووە دەرفەتێک بۆ ئاشنابوون بەو ئامێر و کەلوپەلە جیاوازانەى کە لە تاقیگەکانى ئەو نەخۆشخانەیە بۆ پشکنینى نەخۆشیەکان بەکاریان دەهێنن، جگە لەوەش ئاشناى ژینگەى کارکردن لە تاقیگەکە و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشى نەخۆشخانەکان بوون.