
فێرخوازانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر چالاکیەک دەربارەی بەکارهێنانی ڕیم نۆت (RemNote) لە پەیمانگەی پیشەیی هەولێر پێشکەشکرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر سارا جەمال حوسێن، سیمینارێکی کردارییان بە ناونیشانی «زیرەکانەتر بخوێنە لەگەڵ ڕیم نۆت) لە پەیمانگەی پیشەیی هەولێر – خوێندنی ئینگلیزی پێشکەش کرد.
بەکارهێنانی تەکنیکەکانی بیرهێنانەوەی چالاک:
لە سەرەتاى سمینارەکەدا فێرخواز ئارۆ ئەمین مستەفا لە قۆناغی دووەمی بەشەکە، سیمینارەکەی بە زمانی کوردی پێشکەشکرد و، سەکۆی ڕیم نۆتى بە قوتابیانى پەیمانگەکە ناساند و، ڕوونی کردەوە چۆن تێبینییەکان و، بابەتەکانی خوێندن لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە و، چۆن فێرخواز پێداچوونەوە بە زانیارییەکانیدا دەکات لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ بیرهێنانەوەیان لە یادەوەرییەوە پێش گەڕانەوە بۆ دەقەکە.
پاشان فێرخواز ئاریا ڕەحیم عەبدولڕەحمان لە قۆناغی دووەم بەشداریی کرد لە پێشکەشکردنی هەمان تەوەر بە زمانی ئینگلیزی و، هەردوو فێرخواز چۆنیەتیی گۆڕینی تێبینییەکانیان بۆ کارتی فێربوون بە یارمەتی ژیریی دەستکرد خستە ڕوو، لەوانە کارتی تەواوکردنی بۆشایی و، ئەو کارتانەی بەشێک لە وێنەکانیان تێدا دەشاردرێتەوە بۆ بیرهێنانەوەی ناوەڕۆکەکەی، هەروەها شێوازی ئامادەکردنی پوختە و، تاقیکردنەوەی ڕاهێنانیان لە فایلەکانی وانە و، سلایدەکانەوە شیکردەوە.
پەیوەندیی نێوان چەماوەی لەبیرچوونەوە و، دووبارەکردنەوەی مەوداداری
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەدا؛ فێرخواز ئیبراهیم ڕێکان مەولوود لە قۆناغی دووەم بە زمانی کوردی پەیوەندیی نێوان چەماوەی لەبیرچوونەوە و، دووبارەکردنەوەی مەوداداری شیکردەوە، چۆنیەتی دیاریکردنی کاتی تاقیکردنەوەی لە سەکۆکەدا خستە ڕوو بۆ دروستکردنی خشتەیەکی ڕۆژانە کە پێداچوونەوە بەسەر ڕۆژەکانی پێش تاقیکردنەوەدا دابەش دەکات، لەگەڵ بەدواداچوونی پێشکەوتن لەو بابەتانەی پێویستیان بە ڕاهێنانی زیاترە.
بەهەمان شێوە فێرخواز ناز محەممەد جەواد لە قۆناغی دووەم بەشداریی کرد لە پێشکەشکردنی ئەم تەوەرە بە زمانی ئینگلیزی، کە بەکارهێنانی مامۆستای خەیاڵیی زیرەکی بۆ وەرگرتنی شیکردنەوەی سادە و، پرسیاری ڕاهێنان و، بەستنەوەی تێبینییە پەیوەندیدارەکانی بۆ دروستکردنی نەخشەیەک کە پەیوەندیی نێوان چەمکەکان دەردەخات لەخۆ گرتبوو.
نمایشکردنى لایەنى کردارى بابەتەکە:
لە بەشى کۆتایی چالاکیەکەیاندا، فێرخواز هەوراز هێمن مستەفا لە قۆناغی دووەم بەشێوەیەکى کردارى باسى لە بابەتەکە کرد، بۆ ئەوەش ڕێنمایی بەشداربووانی کرد بۆ تۆمارکردنی تێبینییەکان، دروستکردنی کارتی فێربوون، بارکردنی فایلەکانی وانە و، ئامادەکردنی خشتەی پێداچوونەوەی بابەتی تاقیکردنەوە، بەشداربووانیش هەنگاوەکانیان لەسەر ئامێرەکانی خۆیان جێبەجێ کرد و، لە کاتی جێبەجێکردنیشدا وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
کۆتایی چالاکیەکە:
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و، تیمی فێرخوازانی بەشەکە سوپاسی دڵسۆز عۆڵا بەڕێوەبەری پەیمانگەی پیشەیی هەولێریان کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم و، هاوکارییان لە ڕێکخستنی چالاکییەکەدا.
You may also like


