فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی چالاکیەک لەبارەى چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنی سترێس پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەى زانست دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی پەروەردەیی و هۆشیارییان لە قوتابخانەی (زانست)ی سەرەتایی ئەنجامدا.
لەم چالاکیەى فێرخوازاندا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێن حوسێنی) بەڕێوەچوو فێرخوازان تیشکیان خستە سەر “بەڕێوەبردنی سترێس و هاندانی قوتابیان”، سەرەتاش لەلایەن (حوسێن عەبدولڕەحمان عەبوود) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. پاشان فێرخوازانی زانکۆ بە ئینگلیزی و کوردی چەندین وتەی هاندەر و ئامۆژگاری پراکتیکییان پێشکەش بە قوتابیان کرد بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ دڵەڕاوکێ و سترێسی تاقیکردنەوەکاندا بکەن بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا پێناسەی سترێس و کاریگەرییەکانی لەسەر قوتابی کرد، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارە باوانەی دەبنە مایەی بێزاری لای قوتابیان لە ناو قوتابخانەدا. فێرخوازانی زانکۆ جەختیان لەوە کردەوە کە گەشبینی و متمانەبەخۆبوون کلیلەکانی سەرکەوتنن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا فێرخوازان چەندین تەکنیکیان فێری قوتابیان کرد وەک (ڕێکخستنی کات، شێوازی حەسانەوە و ئامادەکاری پێشوەختە بۆ تاقیکردنەوەکان). هەر لەو چوارچێوەیەدا بۆ زیاتر چەسپاندنی زانیارییەکان، یارییەکی فێرکاری و پێشبڕکێیەکی کورت ئەنجامدرا کە جۆش و خرۆشێکی زۆری لای قوتابیانى قوتابخانەکە دروست کرد.







