
فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی سەردانێکی مرۆڤدۆستانەیان بۆ خانەی بەساڵاچووانی ڕەجائی ئەنجامدا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 7, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتی ٥/١١/٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (هاوڕێ فاتیح سامی)، سەردانێکی مرۆڤدۆستانەیان بۆ خانەی بەساڵاچووانی ڕەجائی ئەنجامدا.
لە کاتی گەیشتنیان بە خانەکە، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن خاتوو (خالیدە بولص)، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانەکە، پێشوازییان لێکرا.
لە بەشێک لە سەردانەکەدا، خاتوو خالیدە بولص زانیاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی خانەکە و چاودێریکردنی دانیشتووانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ئاماژەی بە گرنگیی پشتیوانی و هاوکاریی کۆمەڵگە بۆ بەساڵاچووان کرد.
لە ماوەی ئەم سەردانەدا، فێرخوازان پێداویستییە زستانییەکان و دیارییان پێشکەشی دانیشتووانی خانەکە کرد، هەروەها لەگەڵیان دانیشتن و گفتوگۆیان کرد.
لە بەرانبەردا، خاتوو خالیدە بولص خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانەیە دەربڕی و، داوای لە فێرخوازان کرد سەردانی دیکەش لە داهاتوودا ئەنجام بدەن.
هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەم جۆرە چالاکییانە تەنها پێشکەشکردنی پێداویستییەکان نییە، بەڵکو دەرفەتێکی بەهادارن بۆ بەخشینی خۆشی، میهرەبانی و هەستی خۆشەویستی بە دڵی بەساڵاچووان و، هەستپێکردنی ئەوەی کە هێشتا لە لایەن کۆمەڵگەوە گرنگییان پێدەدرێت و لەبیر نەکراون.



