
فێرخوازانی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی سەردانی کەناڵیOne News لە هەولێر كرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 14, 2026
رۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتى (١٢-١١- ٢٠٢٦)، بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشەکەى بۆ کەناڵی هەواڵی One News ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندەکە لەلایەن ئەحمەد ڕەبیع، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵی کەناڵەکە پێشوازییان لێکرا. دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى دروستبوون و دامەزراندنی کەناڵەکە، پێگەی یاسایی و سیاسەتی دامەزراوە ڕاگەیاندنەکەیان بۆ فێرخوازان باس کرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی کەناڵەکە لە ڕووماڵکردنی رووداوە سیاسییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، هاوکات باسی لە کاریگەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئاراستەکردن و دروستکردنی بۆچونی گشتی کرد، بەتایبەت لە کاتى پێشھات و رووداوەکانی ناوچەکە.
هەر لە میانەى قسەکانیدا بەڕێوەبەری بەشی هەواڵ باسی لە قۆناغە تەکنیکی و نوسینى و دروستکردنی هەواڵیش کرد، هەر لە دەستکەوتنی زانیاری لە سەرچاوەکەوە تا دەگاتە داڕشتن و دەرچوونی کۆتایی بۆ پەخش.
پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا و بەشێوەیەکى مەیدانی سەرجەم بەش و ستۆدیۆکانی کەناڵەکەی بەسەرکردەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا بەشار جەبار، لە بەشی دەرهێنان و جێبەجێکردن، ڕوونکردنەوەیەکی کورت و پوختی لەسەر سروشتی کاری بەشەکە و گرنگی لایەنى هونەری و تەکنیکی لە سەرکەوتنی رووماڵە ڕاستەوخۆکانی هەواڵ پێشکەش بە فێرخوازان کرد.



