
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن نووسینگەی كوردستان24 لە دهۆك بەسەردەكەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ نووسینگەی كوردستان24 لە شاری دهۆك ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن بەڕێزان (بێوار حیلمی بەگ) و (چەكدار جەمال نووری)، پەیامنێرانی كوردستان24 لە دهۆك، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا و خۆشحاڵیی خۆیان بەم سەردانە زانستییەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دەربڕی.
لە میانی بەسەركردنەوەی بەشە جیاوازەكانی نووسینگەكەدا كە بریتی بوون لە (ستۆدیۆی پەخش، ژووری هەواڵ، و ژووری مۆنتاژ)، ناوبراوان بە وردی فێرخوازانیان بە سرووشتی كاری نووسینگەكەیان ئاشنا كرد؛ لەوانە: ڕووماڵكردنی خێرای هەواڵ و ڕووداوەكانی دەڤەری بادینان، ئامادەكردنی ڕاپۆرتی مەیدانی و لێكۆڵینەوەیی، ئەنجامدانی پەخشی ڕاستەوخۆ (Live)، مۆنتاژكردنی بابەتە هەواڵییەكان بە شێوازێكی پیشەیی و، هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ ژووری هەواڵی سەرەكیی كوردستان24 لە هەولێر بۆ گەیاندنی زانیارییەكان بە شێوەیەكی بێلایەنانە و باوەڕپێكراو.
هاوكات، تیشك خرایە سەر گرنگیی ڕەچاوكردنی هاوسەنگی و وردبینی لە كاری ڕۆژنامەوانییدا و ئەو ئاستەنگانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی پەیامنێران دەبنەوە لە كاتی كاری مەیدانیدا، فێرخوازانیش لە ڕێگەی ئاڕاستەكردنی پرسیار و تێبینییەكانیانەوە گفتوگۆیان كرد دەربارەی تەكنیكەكانی ئامادەكاریی هەواڵ و پەخشی ڕاستەوخۆ ئەنجام دا.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی (بێوار حیلمی بەگ) و (چەكدار جەمال نووری) و تەواوی ستافی نووسینگەی كوردستان24 لە دهۆك كرا، لە بەرامبەر پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە گرنگە بۆ ئاشناكردنی زیاتری فێرخوازان بە ژینگەی كاری تەلەفزیۆنی و هەواڵسازیی مەیدانی.



