
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاکییەک دەربارەی بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان بەڕێوەدەبەن
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date تشرینی یەکەم 17, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 15/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، چالاکییەکی زانستی و هۆشیارییان لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان بۆ قوتابیانی پۆلەکانی (10 و 11) بەڕێوەبرد.
بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون:
لە دەستپێکی سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لەلایەن مەحموود عیماد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
پاشان، ڕائد محەممەد محەممەد بیلال، فێرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن بابەتێکی بەناونیشانی «بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون؛ لە ترسەوە بۆ دەربڕینی خود» پێشکەش کرد.
لە بابەتەکەیدا تیشکى خستە سەر هۆکارەکانی ترسی ئامادەبوون لە بەردەم جەماوەردا، لەوانە: ترسی هەڵەکردن و، نیگەرانی لە ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی هاوڕێیان. هاوكات جیاوازیی نێوان متمانەبەخۆبوون و خۆبەزلزانین، گرنگیی وەرگرتنی ڕەخنەی بنیاتنەر و، شێوازەکانی قسەکردن بە شێوەیەکی ڕوون بۆ بەشداربووان شیکردەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، ڕائد محەممەد باسی لە ئەزموونی کەسیی خۆی کرد لە زاڵبوون بەسەر ترسی قسەکردن و دەرکەوتن لەسەر شاشە لە سەرەتای خوێندنی لە بەشی ڕاگەیاندندا، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ڕاهێنانی پرۆسەیی لە پەرەپێدانی متمانەبەخۆبووندا.
ئەنجامدانی ڕاهێنان:
لە بەشی کردارى سیمینارەکەدا، هەریەک لە ئەحمەد عیماد محەممەد و بەهێز بەهرۆز عەبدولهادی، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن، چەند چالاکییەکیان وەک ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەنێوان قوتابیان و ڕاهێنان لەسەر پێشکەشکردنی هەواڵ لەبەردەم کامێرادا بەڕێوەبرد، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ترس و بەهێزکردنی توانای دەربڕین.
گفتوگۆ و کۆتاییهاتنی چالاکییەکە:
چالاکییەکە بەپرسیار و سەرەنج و گفتوگۆ قوتابیانی قوتابخانەکە درێژەى پێدرا، بە شێوەیەکی قوتابیان چالاكانە سەرنج و پرسیارەکانیان خستە ڕوو و، دواتریش لەلایەن فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵام درانەوە.
لە کۆتاییدا، لەلایەن مەحموود عیماد، بە ناوی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهانەوە، سوپاس و پێزانین پێشکەشی فێرخوازانی بەشداربووی چالاکییەکە کرا.
You may also like


