فێرخوازێکی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ لە پۆڵەندا پێگەى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکەکەى بە فێرخوازانى نێودەوڵەتى دەناسێنێت
لە پەراوێزى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە پۆڵندا، فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى سمینارێکدا باسى لە مێژویی زانکۆى جیهان-هەولێر و پێکهاتە و پێگەى زانستیەکەى بۆ فێرخوازانى نێودەوڵەتى باسکرد، پاشان بابەتێکى زانستیشى پێشکەش کرد.
فێرخواز (ئەحمەد جەبار حەسەن یوسف) لە قۆناغی سێیەمی بەشی بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە چوارچێوەى پڕۆگرامی جیهانیی (Erasmus+) لەو وڵاتە سەرقاڵى تەواوکردنى کۆرسێکى خویندنە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٢/٥/ ٢٠٢٦)، لە زانکۆی “وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (Warsaw University of Life Sciences)” لە وڵاتی پۆڵەندا بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر (محەمەد کەلاجی) و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازانی وڵاتە جیاوازەکانی جیهان چالاکیەکى زانستى پێشکەشکرد.
لە بەشی یەکەمی چالاکیەکەیدا، ئەحمەد جەبار، تیشکی خستە سەر مێژووی دروستبوون و پەرەسەندنی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە ناوەندە پێشەنگەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی هەمەچەشنیی بەشە زانستییەکان و ئەو ژینگەی فێربوونە مۆدێرنەی لە زانکۆکەدا فەراهەم کراوە پێشکەش بە فێرخوازانی نێودەوڵەتی کرد. هاوکات وێنەیەکی ڕاستەقینەى دەربارەی پێگە و ئاستی زانستی و ئەکادیمیی کوردستان لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان و بۆ فێرخوازان گواستەوە، جگە لەوەش ئامادەبووانى ئاشنای ئەو دەستکەوتە گەورانە کرد کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماوەی تەمەنی خۆیدا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوچەیی و عێراقى و هەرێمى کوردستان بەدەستی هێناون.
ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى چالاکیەکەى تەرخانکرد، بۆ خستنەرووى بابەتیکى زانستیی پسپۆڕی دەربارەی “چۆنیەتی پەیوەندیکردنی ڕووەکەکان “، بۆ ئەو مەبەستەش ئەحمەد جەبار بە وردی شیکردنەوەی بۆ ئەو کارلێکە کیمیایی و فیسیۆلۆژیانە کرد کە لە ناو ڕووەکەکاندا ڕوودەدەن و، وەک زمانێکی تایبەت بۆ ئاڵوگۆڕی پەیام و کاردانەوە بەرامبەر بە دەوروبەر بەکاردێن. ئەم بابەتە سەرنجی زۆری فێرخوازانی نێودەوڵەتى ڕاکێشا، چونکە تێیدا باسی لە لایەنە ئاڵۆزەکانی ژیانی ڕووەک کرد، کە چۆن دەتوانن هەست بە مەترسییەکان بکەن و زانیاری بۆ ڕووەکەکانی دەوروبەری خۆیان بنێرن، کە ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زانستەکانی ژیان و بایۆتەکنەلۆژیاوە هەیە.
بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر محەمەد کەلاجی وەک سەرپەرشتیاری زانستی، ستایشی توانای فێرخواز ئەحمەد جەباری کرد لە پێشکەشکردنی بابەتەکان بە زمانێکی زانستیی بەهێز و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان فێرخوازانی وڵاتانی جیاواز کۆتایی هات.








