لە زانکۆى جیهان کۆتایی بەخولى تۆپى سەرمێز لە نێوان مامۆستایان هات
یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز بۆ مامۆستایانى بەشە زانستییە جیاکانى زانکۆى جیهان -هەولێر بەسەرکەوتویی لە نێوان مامۆستایەکى بەشى نیوتریشن دایەتێتیکس و، مامۆستایەکى بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیبلۆماسی ئەنجامدرا.
سەرلەبەیانى ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١١/٤/٢٠٢١) لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز لە نێوان یاریزانان (دکتۆر قەیس عەبدوڵلا) مامۆستا لە بەشى نیوتریشن دایەتێتیکس و، (دکتۆر ڕەشید میکائیل) مامۆستا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیبلۆماسی بەڕێوەچوو.
یارییەکە لە نێوان جۆش و خرۆشى زۆرى مامۆستایان و، هەوڵدانى زۆری هەریەکەیان بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانى ناسناوى یارییەکە بەڕێوەچوو، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى زۆرى مامۆستایان و فێرخوازانى ئامادەبوو، لە ئەنجامدا یاریزان (دکتۆر ڕەشید میکائیل) مامۆستا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیبلۆماسی توانى بەبردنەوەى (٢) گیم بەرامبەر بە (سفر) ناسناوى یارییەکە بۆ خۆى مسۆگەر بکات و یارییەکە بباتەوە، بەم شێوەیە (دکتۆر ڕەشید میکائیل) بووە پاڵەوانی خولی تۆپی سەرمێز بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشە زانستییەكانی زانكۆی جیهان-هەولێر.
بۆ بایەخدان بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانە دێ، کە مامۆستایان لە بەشە جیاکان بەگڕوتین بەشداریان لە یارییەکاندا کرد و توانا وەرزشییەکانیان خستەڕوو.
یارى تۆپى سەرمێز بەوە لە یارییەکانى دیکە جیا دەکرێتەوە، کە پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە مامۆستایانى یاریزان و بەشداربوانى خولەکە زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى مەداڵیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.