ژیانى زانکۆ لە گفتوگۆیەکى کراوەى فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار
بۆ ئاشنابوونى زیاتر بەژیان و خوێندن لە زانکۆ و، چۆنیەتى بەسەرکەوتویی تێپەڕاندنى قۆناغەکانى زانکۆ، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار گفتوگۆیەکى کراوەى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لەو گفتوگۆ کراوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٠/٣/٢٠٢١) بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازان بەسەرپەرشتى (مامۆستاى یاریدەدەر بوشرى عەلى) بەڕێوەچوو، هەردوو دەرچووى بەشى کارگێڕى کار (ئەرمان حەسەن و شارە هادى) باسیان لە بابەتەکە کرد.
ناوەڕۆکى گفتوگۆ کراوەکە سێ تەوەرى سەرەکى لەخۆگرتبوو، کە بریتبوون لە قۆناغى یەکەم و ئاشنابوون بەخوێندنى زانکۆى و ئامانجەکانى، لەو تەوەرەدا باس لە جیاوازییەکانى خوێندنى زانکۆ لەگەڵ خوێندنى قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان کرا، هەروەها باس لە چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ وانەکان و، سەردانى کتێبخانە بەشێوەیەکى بەردەوام کرا، کە بەناوەندێکى گرنگ بۆ دەسکەوتنى سەرچاوەى زانستى دادەنرێ.
لە تەوەرى دووەمى گفتوگۆ کراوەکەدا، تاوتوێى هۆکار و فاکتەرەکانى سەرکەوتنى خوێندنى زانکۆى کرا، هەروەها باس لە چۆنیەتى سوود وەرگرتن لەکات کرا بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکان و خوێندنەوەى زیاتر و، پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانى خوێندن تا لەکاتى تاقیکردنەوە لەسەر فێرخواز کەڵەکە نەبن، بەو شێوەیە باشتر دەتوانن لە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتوو بن و نمرەى باشیش بەدەست بهێنن، هاوکات خوێندنەوەى سەرچاوەى جیا دەبێتە هۆکارێکى گرنگ بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى مەعریفى و زانیارى فێرخواز لە بوارەکەى خۆى بەتایبەت و لایەنەکانى دیکەى ژیان بەشێوەیەکى گشتى.
لە تەوەرى سێیەم و کۆتایی گفتوگۆکەدا، باس لە ژیانى پراکتیکى فێرخواز کرا، بەتایبەت دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن، بۆ ئەوەش جەخت لەسەر ئەوە کرایەو، کە پێویستە فێرخواز بۆ ژیان و بازارى کار بەسوود وەرگرتن لە ژیانى زانکۆیی خۆى پڕچەک کردبێت، لەهەمووان گرنگتر فێربوونى هەرسێ زمانى (کوردى، عەرەبى، ئینگلیزى) چونکە زمان بنەمایەکى سەرەکى و داواى لە پێشینەى لایەنەکان بۆ بەدەستهێنانى کار لە هەر بوارێک بێ.
لە کۆتایی ئەو گفتوگۆ کراوەیەدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو، فێرخوازانى ئامادەبوو کۆمەڵێک پرسیار و بۆچونیان خستەڕوو، لەلایەن ڕێکخەرانى گفتوگۆ کراوەکە وەڵامدرانەوە.