بەبەشدارى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ کۆبونەوەى ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانی وڵاتانى عەرەب بەڕێوەچوو
بەبەشدارى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لەهەمان کاتدا ئەندامی ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبە، بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر عەمر عیزەت سەلامە ئەمیندارى گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەب، ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانی وڵاتانى عەرەب لە ڕێگەی (ZOOM) کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا و، کۆمەڵێک پێشنیازیان بۆ دەوڵەمەندکردنى ڕێبەرى ئەنجومەن تاوتوێکرد، کە کار لەسەر جێبەجێکردنی پرەنسیپ و پێوەرەکانی حوکمڕانی دەکات بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبی و بڵاوکردنەوەی کولتوری حوکمڕانی و بنیاتنانی تواناکان.
لەو بارەیەوە دکتۆر یەعقوب ناصرالدین سەرۆکى ئەنجومەنی حەوکەمەى زانکۆکانی وڵاتانى عەرەب وتى: ئەم کۆبونەوەیە تایبەتە بەدیاریکردنى نەخشەڕێى ئامادەکردنى ڕێبەرى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەب بۆ ئەوەى زانکۆکانمان لە پێشەنگى زانکۆ ڕەسەن و ئاستبەرزەکانى جیهان بن، ئەوەش بە پشت بەستن بەسیستەمێکی دیاریکراو، کە (شەفافیەت، دەستپاکی، دادپەروەری، هۆشیاری کۆمەڵایەتی، دیسیپلینی بەڕێوەبردن، و سەربەخۆیی) لە بنەما سەرەکیەکانى بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێبەرییە خزمەتێکى بەرچاو بەزانکۆکان دەکات، چونکە وایان لێدەکات بتوانن بەشێوەیەکی جددی ڕکابەری زانستی بکەن، کۆنفڕانس و سیمینار و وۆرک شۆپى زانستى ببەستن، لەگەڵ چەندین تەوەرى دیکە کە بۆ ئەمڕۆى زانکۆکانمان گرنگن.
لەو چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە وەک نوێنەرى عێراقیش بەشدارى کۆبونەوەکەى کردبوو، تیایدا بەڕوونى دید و بۆچونى خۆیانى لەبارەى بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان خستەڕوو، هەروەک کۆمەڵێک پێشنیازى بۆ باشترکردنى ڕێبەریەکە پێشکەش بەکۆبونەوەکە کرد و، لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەن بەهەند وەرگیران و پەسند کران.