لە زانکۆى جیهان-هەولێر چۆنیەتى باشترکردنى ئاسۆى خوێندن بۆ گەنجانى لاواز لە عێراق لە میانەى دوو وۆرکشۆپى نێودەوڵەتى تاوتوێ کرا
لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردودا، بەبەشدارى نوێنەرایەتى زانکۆکانى (زانکۆی ماستریخت لە هۆڵندا، کۆلێژی لومینۆس لە ئوردون، زانکۆى فەلوجە لە عێراق و کۆلێژی ئەلمانسورا لە عێراق) گفتوگۆیەکى چڕ لە بارەى پرۆژەی باشترکردنی ئاسۆی خوێندن و دامەزراندنی گەنجانی لاواز لە عێراق لەڕێگەی پەروەردەی ئاوێتە و خوێندنى گریمانەیی لە ڕێگەى دوو وۆرکشۆپى نێودەوڵەتى بەمیواندارى زانکۆى جیهان هەولێر تاوتوێ کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە وۆرکشۆپى یەکەمدا کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٣/١٢/٢٠٢٢) بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەى ئۆنلاین بەشدارى تیایدا کرد، گفتوگۆ لەبارەى ڕەشنوسى (ToT) کرا، کە ئامانجى سەرەکى ئامادەکردنى کتێبی (TOT)ە بۆ گەنجانى عێراق، بۆ ئەوەش ئامادەبوانى کۆبونەوەکە گفتوگۆیان لەبارەى کارەکان کرد، لەگەڵ پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی گشتی لەسەر کارامەییەکانی فێربوو لەسەر ڕاهێنانی ئاوێتە و گریمانەیی، لەگەڵ نوسین و دابینکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی مامۆستایانی ئێستا و داهاتوو.
لە وۆرکشۆپى دوەمیشدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٤/١٢/٢٠٢٢) بەڕێوەچوو تایبەت بوو بە دانانى پلانی ڕوداوەکان بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوان بەچڕى گفتوگۆیان لەبارەى پلاندانانى ڕووبەڕووبونەوەى گرفتەکان کرد، بەتایبەت لە کاتى خوێندنى ئاوێتە، هەروەک جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە ستافی مامۆستایان پەرەیان بە لێهاتوویی لە پەروەردەی ئاوێتە و مەجازیدا داوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێندن لە زانکۆکەدا متمانەپێکراوتر بێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی گەنجان بە لاوازى نامێننەوە.
دوا بەدواى تەواوبوونى ڕۆژانى وۆرکشۆپ، ئامادەبوان سەردانى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەم سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، لە دیدارێکدا سەرۆکى زانکۆ دواى بەخێرهێنانى میوانان دەستخۆشى لە کار و بەرنامەکانیان بۆ خزمەتکردن بە توێژى گەنجان کرد و، ڕاشیگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە دەرگاى کراوەیە بۆ چۆنیەتى خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە، بەتایبەت توێژە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگە، وتیشى ئەم پڕۆژەیەش یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان خۆشحاڵین کە وەک زانکۆی جیهان-هەولێر بەشێکین لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە.
بەڕێوەچوونى ئەم دوو وۆرکشۆپە نێودەوڵەتیە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیەیە، کە لە شوباتی ٢٠٢١ دەستی پێکردوە و، لەلایەن (NUFFIC) بڕى (٣٧٥٠٠٠) یۆرۆی بۆ تەرخان کردوە.
لەو دوو وۆرکشۆپە نێودەوڵەتیەدا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەریەک لە (دکتۆر ئامینە سەباح مەحمود) سەرۆکى بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و، (مامۆستاى یاریدەدەر محمد حسین باجەلان) بەشداریان تێدا کردوە، هەروەها لە زانکۆی ماستریخت لە هۆڵەندا هەریەک لە (پڕۆفیسۆر جۆیس گرول و، محمد مێزیانی) و لە کۆلێژی لومینۆس لە ئوردن (دکتۆر دێگرام کەمال و، د.ئیاس فەهمی) و لە زانکۆی فەلوجە لە عێراق (دکتۆر ئومەر سەلاح) و لە کۆلێژی ئەلمانسور لە عێراق (دکتۆر لەیث سلێمان) بەشداریان تێدا کرد.