بەشى بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى زمانەوانى بۆ فێرخوازەکانى بەڕێوەبرد
ڕۆژی 11ی نیسانی 2022 کۆمەڵێک فێرخوازانى قۆناخى یەکەم لە بەشی بایۆمیدکال لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکیەکى زمانەوانى بۆ پەرەپێدان بەتواناى فێرخوازان لە زمانى ئینگلیزی لە کتێبخانەی زانکۆ بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر زینە مەحمود ئەمین بەڕێوەچو، فێرخوازان ڕاهێنانى پێویستیان پێکرا بۆ چۆنیەتى سودوەرگرتن لە سەرچاوەى زمانى ئینگلیزى بەتایبەت لە بوارى پزیشکى.
چالاکیەکە دوو بڕگەى لەخۆگرتبو، لە بڕگەى یەکەمدا فێرخوازان لە ڕێگەى چەند گروپێکى بچوک ڕاهێنانیان لەبارەى گوێگرتن و قسەکردن ڕاهێنانیان پێکرا، بۆ ئەوەش لە ڕێگەى ئینتەرنێت و تەماشاکردنى چەند ڤیدیۆیەک بەزمانى ئینگلیزى، کە تایبەت بون بەبوارێک لە بوارە پزیشکیەکان فێرخوازان ڕاهێنانەکانیان ئەنجامدا.
هەرچى بڕگەى دوەم بوو، تایبەت بو بە خوێندنەوە و نوسینى بابەتە پزیشکى و تەندروستیەکان بەزمانى ئینگلیزى، ئامانج لەو چالاکیەش فراوانکردنى ئاستى بیرکردنەوەى و وێناکردنی بیرۆکەکانیان، و گەیاندنیان بە هاوپۆلەکانیان بەزمانى ئینگلیزى بو.
چالاکیەکە بوە دەروازیەکى گرنگ بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەکۆمەڵێک بابەتى پزیشکى نوێ و، ئاشنابون بەڕێگەکانى پەرەپێدان بەتواناى زمانى ئینگلیزى، کە لە سەردەمى ئەمڕۆدا بەزمانى زانست و پێشکەوتن دادەنرێ.