بەشی ڕاگەیاندن وۆرکشۆپێکى بۆ فێرخوازەکانی ڕێکخست
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (١٦/١١/٢٠٢١)، بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی لەبارەی گرنگی زانینی زمان لە کاری میدیاییدا بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست.
لە وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستایان، دکتۆر گۆران سەباح و، مامۆستاى یاریدەدەر عومەر حەسەن فەهمی، وانەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا دکتۆر گۆران سەباح باسی لە گرنگی زمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران کرد، هەروەک چەند نموونەیەکی زیندووی بۆ وتەکانى هێنایەوە. مامۆستا گۆران سەباح ڕونیشکردەوە، بەهۆى گۆڕانی سەردەمەکە و پێشکەوتنی بوارى تەکنەلۆژیا، گرنگە ڕۆژنامەنووسانی ئەم سەردەمە لە زمانێک زیاتر بزانن، چونکە دەرگەی زیاتر بۆ میدیاکاران لە داهاتودا واڵا دەکات و، هەلی کارى باشتریان لە بواری میدیاییدا بۆ دەڕخسێ.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستا عومەر حەسەن باسی گرنگی زمان و کاری دۆبلاجى لە بواری میدیایدا کرد، وتیشى ڕووماڵکردنی هەر بابەت و هەواڵێک لەم سەردەمە پێویستی بەوەیە ڕاستەوخۆ بە چەند زمانێک پێشکەش بکرێت، بۆیە کاری وەرگێڕان و دۆبلاجکردن لە نێو کەناڵەکان زۆر پێویستە، هەربۆیە ڕۆژنامەنووس لە پاڵ کارى میدیاى دەبێ شارەزایی لە زمان و کاری دۆبلاجدا هەبێ.
لە کۆتاییی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازان چەند پرسیارێکیان ئاراستەى مامۆستایان کرد، لە میانەى وەڵامەکانیاندا مامۆستایان باسی ئەزموونی خۆیان کرد لە هەوڵدان بۆ فێربوونی زمان. مامۆستایان و فێرخوازان گفتوگۆیەکی بەسوودیان لەبارەى باشترین ڕێگەکان بۆ فێربوونی زمان کرد، لە کۆتایشدا دکتۆر گۆران سەباح و مامۆستا عومەر حەسەن چەند دەرفەتێکیان خستە بەردەستی فێرخوازان تا هەرچی زووە پەرە بە فێربوونی زمان بدەن.