بەشی ڕاگەیاندن کەناڵى ڕووداوى کردە وێستگەیەکى دیکەى سەردانە زانستیەکانى
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و بەردەوامەکانى سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژى ئاداب و هونەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگەى کارکردن، گەشتێکى زانستى بۆ کەناڵى ڕوداوە لە شارى هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (3/11/2022) بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر عومەر حەسەن فەهمی فێرخوازانى قۆناغی سێیەم سەردانى کەناڵى ڕوداویان کرد ولەلایەن خاتوو سروە بورهان هەورامى لە بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییەکانى کەناڵەکە پێشوازیان لێکرا.
لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان هاوڕێ لەگەڵ خاتوو سروە هەورامى ستۆدیۆى بەرنامەکانى کەناڵەکەیان بەسەرکردەوە، و تیایدا باس لە میکانزمەکانى کارکردن لە ستۆدیۆى و جیاوازى بەرنامەکان بۆ فێرخوازان کرا.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان ئامادەى پەخشێکى ڕاستەوخۆی کەناڵەکە بوون، کە تایبەت بوو بەڕوماڵکردن و گواستنەوەی بۆنەیەک لە کوردستان، بۆ ئەوەش فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى چۆنیەتى ئەنجامدانى ئەو چاوپێکەوتنانە بوون، کە پێشکەشکاری هەواڵ بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسان ئەنجامیان دەدات.
فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەش و ستۆدیۆ جیاکانى کەناڵەکە، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرپەرشتیار و کارمەندانى بەشەکە کرد، کە تایبەت بوون بە سروشتی کاری تەلەفزیۆن.