تیپى فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى بوونە پاڵەوانى یارى یارییەکانى خولى تۆپی پێی زانکۆی جیهان-هەولێر
لە یارى کۆتایی خولى تۆپى پێیى تیپى فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە نێوان تیپی فێرخوازانى بەشی چارەسەرى سروشتى و تیپی فێرخوازانى بەشی زانستى تاقگەى پزیشکى بەڕێوەچوو.
لەو یاریەدا، کە بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٦/٥/٢٠٢٤) لە یاریگەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا تیپی فێرخوازانى بەشی چارەسەرى سروشتى بە تۆمارکردنى دوو گۆڵ بەرانبەر بە یەک گۆڵ بۆ تیپی فێرخوازانى بەشی زانستى تاقگەى پزیشکى؛ توانیان ناسناوى خولەکە بەدەست بهێنن و ببنە پاڵەوانى تۆپى پێى زانکۆ بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، لە کۆتایشدا دیارى و مەدالیاى خولەکە بەسەر براوەکاندا دابەش کرا.
لەو خولەدا (١٨) تیپی فێرخوازان، کە نوێنەرایەتى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێریان دەکرد، بەشدارییان لە پاڵەوانێتەکەدا کرد، هەروەک لەلایەن سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان تیروپشک بۆ تیپە بەشداربووەکانى پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچوو و یاریەکانیش لە یاریگەى زانکۆ بەڕێوەدەچوون، ساڵانە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک بەشێک لە گرنگیدانى زانکۆ بە توانا و لێهاتویی و بەهرەى فێرخوازان لە بوارە جیاکان، پاڵەوانێتى وەرزشى لە بوارە جیاوازەکان دەکاتەوە، بەڕێوەچونى ئەم پاڵەوانێتیەش بەشێکن لەو گرنگپێدانە.