شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى هەولێرى پزیشکى دەکات
لە چوارچێوەى داڕشتن و فراوانکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ و کۆلێژە جیاکان لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆى سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەهاوڕیەتى دکتۆر مەیسون ئەلحەیدەری یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و، دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەری سەرۆكى زانکۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و فێرخوازان سەردانى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکۆى هەولێرى پزیشکیان کرد.
شاندەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى یەكشەممە ڕێکەوتى (20/11/2022) لە کۆلێژى دەرمانسازى بەگەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هونەر کەمال گەردى ڕاگرى کۆلێژەکە پێشوازیان لێکرا، پاشان لە دیدارێکدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆى پێرۆزبایی لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هونەر کەمال گەردى، کە وەک ڕاگرى نوێى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکۆى هەولێرى پزیشکى دەستبەکاربووە، لە بەرامبەردا ڕاگرى کۆلێژى دەرمانسازى دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندى یاوەرى هیواى خواست ئەو سەردانە ببێتە بناغەیەکى پتەو بۆ پەیوەندییەکانى نێوان بەتایبەت لەگەڵ کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى جیهان-هەولێر.
لە بەشێکی ترى دیدارەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستى هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنى نێوانیان کردەوە، ئەوەش لە پێناو پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی زیاتری ئاستی زانستی و رۆڵ پزیشکانی دەرمانساز، لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک پێشنیاز لە نێوانیان گەڵاڵە کرا بەتایبەت لە بوارى سود وەرگرتن لە ستافى زانستى یەکتر و، ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و ڕێکخستنى سمینار و کۆنفرانسى هاوبەش بەتایبەت لەگەڵ کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى جیهان-هەولێر.