فێرخوازانى ئەندازیارى تەلارسازى قەڵای هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/١١/٢٠٢٢) سەرۆکایەتى بەشی تەلارسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم بۆ قەڵاى دێرینى هەولێر ڕێکخست.
لەو دەشتە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر فریشتە عەبدوڵڵا ڕێکخرابوو بۆ بەستنەوەی ژینگەى فێربوون بوو بەژینگەى کارکردن، بۆ ئەوەش لە میانەى گەشتەکەدا فێرخوازان ڕاسپێردران سەردانی باڵەخانەکانى قەڵا بکەن و شکستی بیناسازی لە باڵەخانەکانى قەڵاکە بدۆزنەوە، پاشان چارەسەری خۆیان بۆ ئەو کێشانە بخەنەڕوو.
فێرخوازان پێش سەردانەکەیان بۆ شوێنێکی ڕاستەقینە لەچوارچێوەى بابەتى پلاندانانی شارنشینى و پاراستنی شوێنە مێژووییەکان لە پلاندانانی شارەکاندا گفتوگۆیان لەبارەى بابەتەکان کردبوو، پاش سەردانەکانیان، ئینجا بەزمانى ئینگلیزى فێرخوازان دواى دەستنیشانکردنى گرفتەکان، پێشنیاز و پڕۆژە چارەسەرییەکانیان بۆ بابەتەکان خستەڕوو. بەتایبەت هەردوو خانووى ماڵی پاشایەک و فەرمانڕەوایەکی زۆر کۆنى قەڵا، کە تیایدا فێرخوازان پشکنینی کەرەستەی بیناسازییان کرد و پێشنیاری خۆیان بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی بینا مێژووییەکان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەگەڵ ئەو شوێنەوارناسە گفتوگۆیان کرد، کە کنە و پشکنینیان بۆ شوێنەوارەکانی قەڵاى هەولێر کردوە، بۆ ئەو مەبەستە ڕوونکردەوەى پێویستیان لەبارەى کارەکانیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێشکەش بەفێرخوازان کرد و، هەنگاوەکانی کارکردنیان بۆ پاراستنی پاشماوەکان بۆ فێرخوازان باسکرد.