فێرخوازانى ئەندازیارى شارستانى پرۆژەى دروستکردنى هۆتێل جیهان بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٠ی ئایاری ٢٠٢٣)، بەسەرپەرشتى هەریەک لە دکتۆر نوری سدیق عەلی و دکتۆر ئیسماعیل خەلیفە و دکتۆر احمد محمد الجنابی فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری شارستانی پرۆژەی هۆتێل جیهانیان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
فێرخوازان و مامۆستایانى سەرپەرشتیار لەلایەن ئەندازیارى هیرش کاکل بەڕێوەبەرى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە و مەحمود شەمس الدین ئەندازیارى سەرپەرشتیار پێشوازیان لێکرا، ئینجا باسیان لە پێکهاتەى پڕۆژەکە بۆ فێرخوازان کرد و ڕایانگەیاند: پڕۆژەی هۆتێل جیهان کۆمەڵگەیەکی گەشتیارییە، کە لە هۆتێل و مۆڵى بازرگانی گەورە لەخۆدەگرێت، ڕونیشیان کردەوە تایبەتمەندییەکانى ئەم هۆتێلە بوونی سیستمی پاککردنەوەی ئاوەڕۆیە، ئەوەشیان ڕاگەیاند: ئەم بینایە دووەم بینایە لە هەولێر کە سیستمە پێشکەوتووەکانى ژینگەدۆستی بەکار دەهێنێت.
وەک بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە باسیکرد، سیستمی پاککردنەوەى ئاوەڕۆ توانای چارەسەرکردنى 150 مەتر چوارگۆشە ئاوى لە ڕۆژێکدا هەیە، بە واتایەکی تر بۆ دانیشتووانی نزیکەی ٨٠٠ کەس داڕێژراوە، وتیشى سیستمی پاککردنەوەی ئاو لە ٥ بەش پێکدێت کە بریتین لە: ڕاوەشاندن، تانکی پێش ڕێکخستن، تانکی هاوسەنگکردن، یەکەی SBR، و تەعقیمکردن. لە هەر کەرتێکدا بەشێک لە پیسکەرەکان کەم دەبنەوە. دەتوانرێت ئەو ئاوە چارەسەرکراوە بۆ ئاودێریکردنی باخچەکانی کۆمەڵگەکە بەکاربهێنرێت، جگە لەوەش سیستمەکە توانای کەمکردنەوەی ڕێژەی COD لە 300 میلیگرام/لیترەوە بۆ کەمتر لە 30 میلیگرام/لیتر هەیە. کەمبوونەوەی BOD لە 200 میلیگرام/لیتر بۆ کەمتر لە 10 میلیگرام/لیتر.