فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ باس لە کاریگەری خواردنی خێرا بۆ فێرخوازانى قوتابخانەى جیهانى ناحکومى دەکەن
ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی (٢٣/١١/٢٠٢٣)، بەسەرپەرشتی (دکتۆر علی محمد حسێن) سەرۆکی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم سەردانى قوتابخانەى ناوەندى جیهانى ناحکومیان لە شارى هەولێر کرد و، سمینارێکیان لەبارەى کاریگەرى خواردنى خێرا و زیادبونى کێش پێشکەش بە فێرخوازانى قوتابخانەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن (مامۆستا محمود عیماد محمد) بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندی جیهانى ناحکومى پێشوازییان لێکرا، پاشان لە میانەى سمینارێکدا کە لە هۆڵى قوتابخانەکە پێشکەشیان کرد و، فێرخوازانى قوتابخانەکە ئامادەیبوون فێرخوازان تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە قووڵەکانی خواردنی خێرا لەسەر زیادبوونى کێش، بۆ ئەوەش بە وردى باسیان لە پەیوەندی نێوان خواردنی خێرا و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی گشتی کرد، ڕونیشیان کردەوە خواردنە خێراکان ڕێژەی قەڵەوی لە نێوان هەرزەکاراندا زیاد کردەوە.
فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەخستنەڕوى ئەنجامى چەندین توێژینەوە و ئامارى نوێ ئاشکرایان کرد کاریگەرییە زیانبەخشەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنە خێراکان، لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بارستەی جەستە (BMI) دەست پێدەکات تا دەگاتە مەترسی زیاتری تووشبوون بە نەخۆشییە تەندروستییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
لە کۆتایی پێشکەشکردنى سمینارەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ هانى فێرخوازانى قۆتابخانەى جیهانى ناحکومیان دا، گرنگى بەخۆراکى تەندروست بدەن و خۆیان لە خواردنى خێرا بە دور بگرن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک ئامۆژگارى و ڕێنمایی تەندروستىان پێشکەش بە فێرخوازانى قۆتابخانەکە کرد.