فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بابەتی پزیشکی زۆر قورس بەزمانى ئینگلیزى پێشکەش دەکەن
لە ئەزمونێکى نوێدا، کە بەئامادەبونى د.مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچو، سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ ئەزمونێکى نوێى تواناى فێرخوازانى خستەڕو.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٣/٤/٢٠٢٢) بەئامادەبونى دکتۆر عەلى محمد حسین سەرۆکى بەشى بایۆمیدیکاڵ و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستى و پزیشکیەکان بەڕێوەچو، مامۆستاى یاریدەدەر زینە مەحمود مامۆستاى زمانى ئینگلیزى سەرپەرشتى چالاکیەکەى کرد، بۆ ئەو مەبەستەش چالاکیەکەى دابەشى سەر چوار دانیشتن کرد، لەهەر دانیشتنێکدا دەرفەت بەفێرخوازانى قۆناخى یەکەم درا لەبەرامبەر ئامادەبوان بەزمانى ئینگلیزى باس لە بابەتێکى پزیشکى بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان بەتوانا و متمانە بەخۆبونێکى زۆرەوە توانیان لەبەرامبەر ئامادەبوان بابەتەکانیان بەشێوەیەکى زارەکى پێشکەش بکەن، ئەوەش بوە مایەى سەرسامى و خۆشحاڵى ئامادەبوان، کە لە قۆناخى یەکەمدا بەو ئاستە لێهاتویە بتوانن باس لە بابەتێک لە بابەتە پزیشکیە قورسەکان بەزمانى ئینگلیزى بەسەرکەوتویی بکەن.
لە کۆتایشدا لەلایەن، ئامادەبوانەوە دەستخۆشى لە فێرخوازان کرا و ستایشى کار و لێهاتویەکانیان کرا، لەهەمان کاتدا هاندران کە بەردەوام بن لە پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانیان لە بوارە پزیشکیەکان و پراکتیزەکردنى بابەتەکان بەزمانى ئینگلیزى، جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە کە زمانى ئینگلیزى لەپاڵ ئەوەى زمانى ئینگلیزى زمانى توێژینەوەى زانستیە، لەهەمانکاتدا زمانى سەردەم و کارە.