فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کەناڵى ئاسمانى سپێدە بەسەردەکەنەوە
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ فێرخوازانى بەشەکە و، بەمەبەستى لە نزیکەوە بینین و ئاشنابون بەژینگەى کارى ڕاگەیاندن بەتایبەت لە بوارى تەلەفزیۆن، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازان ڕێکخست.
ڕۆژى یەک شەممە رێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى، فێرخوازانى قۆناخى چوارەم و دوەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەردانێکى زانستى کەناڵى ئاسمانى (سپێدە)یان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
بەگەیشتنى فێرخوازان بەکەناڵەکە، بەگەرمى لەلایەن (مامۆستا عەبدولکەریم ئەحمەد) بەڕێوەبەرى گشتى کەناڵى سپێدە پێشوازى گەرمیان لێکرا، لە دیدارێکدا کورتەیەکى لەبارەى کەناڵى ئاسمانى سپێدە و مێژوى دامەزراندن و چۆنیەتى کارکردن لە بوارەکانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى و وەرزشى و هونەرى و میدیاى پێشکەش بەفێرخوازان کرد، ڕونیشکردەوە لە کەناڵى سپێدە لە پاڵ ئەوەى کەناڵێکە و لەلایەن حزبەوە سەپۆرت دەکرێ، بەڵام تاڕادەیەکى زۆر هەوڵمانداوە لە ڕوماڵکردنى بابەت و بەرنامەکاندا پیشەیی و بابەتیانە کاربکەین و، ڕەچاوى دۆخى کەلتورى و ئاینى و پێکهاتەى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگەکەش بکەین.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن، هاوڕێ لەگەڵ ڕێبوار حەمەد بەڕێوەبەرى کارگێڕى کەناڵى سپێدە بەشێوەیەکى مەیدانى کەناڵەکەیان بەسەرکردەوە و ئاشنایى هەنگاوەکانى کارکردنى تەلەفزیۆن کران، بۆ ئەو مەبەستە لە ستۆدیۆى هەواڵ کورتە باسێک لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردن و پێشکەشکردن و ڕوماڵى ڕاستەوخۆى هەواڵ و ڕوداوەکان کران، پاشان لە ستۆدیۆى بەرنامەکانیش لەلایەن ڕێبوار حەمەد باس لەو بەرنامانە کرا، کە ڕۆژانە و هەفتانە لە کەناڵى سپێدە پێشکەش بەبینەران دەکرێ، بۆ ئەوەش وتى: لە پاڵ چەند بەرنامەیەکى جێگیر بەپێى دۆخ و وەرزەکان بەرنامەى تایبەتیشمان دەبێ، کە ستۆدیۆ و دیکۆر و باگکراوندى تایبەتیان لەلایەن دیکۆریستەکانى کەناڵ ئامادە دەکرێ و پێشکەشى بینەران دەکرێ.
هەر لە چوارچێوەى سەردانە مەیدانیەکەیاندا، فێرخوازان سەردانى ژورى هەواڵى کەناڵى ئاسمانى سپێدەیان کرد و، لەوێ ئاشناى چۆنیەتى ئامادەکردنى هەواڵ کران، بۆ ئەوەش ڕونکردنەوەى پێویستیان لەبارەى هەواڵى پەیامنێران و، ئاژانسەکانى دەنگوباس و کەناڵە جۆراوجۆرەکان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
لە کۆتایدا، مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن و زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى بەڕێوەبەرى گشتى کەناڵى سپێدە و بەڕێوەبەرى کارگێڕى کەناڵە و ستافى کەناڵەکە کرد، کە بەشێوازێکى مەیدانى زانیارى پێویستیان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.