فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر دەکەن
پتەوکردنى پەیوەندى لایەنى پەروەردەیی و زانستى نێوان زانکۆکان بەخاڵێکى گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى فێرخوازان دادەنرێ، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیە زانستیەدا زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوامە لە هەوڵە زانستیەکانى بۆ فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکانى و ئاڵوگۆڕی زانستی لەگەڵ زانکۆ جیاکان.
بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتى بەشی زمانى ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٦/١١/٢٠٢٣) گەشتێکی مەیدانی بۆ کۆمەڵێک فێرخوازى قۆناغی چوارەم بەسەرپەرشتى مامۆستا یاریدەدەر فریشتە محەمەد عەبدوڵڵا، بۆ کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر ساز کرد.
سەردانەکە بە پێشوازییەکی گەرمی دکتۆر حەیدەر سابیر حەسەن سەرۆکی بەشی زمانى ئینگلیزی لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەت دەستی پێکرد. دواى بەخێرهێنانى مامۆستا و فێرخوازان، سەرۆکى بەشى زمانى ئینگلیزى زنجیرەیەک چالاکیی بۆ فێرخوازان ڕێکخست، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان بەشدارییان لە گفتوگۆیەکى زانستى کرد، کە تایبەت بوو بەگفتوگۆکردن بە زمانى ئینگلیزى لەبارەى گرنگی کارگێڕی، بۆ ئەو مەبەستەش تیشک خرایە سەر لایەنە جیاوازەکانی دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی کارە سەرکەوتووەکان و، گرنگی سەرکردایەتی، ئامانجی گفتوگۆکەش و بەهێزکردنی تواناى فێرخوازانى زمانى ئینگلیزى لە هەردوو زانکۆ بوو، بۆ ئەوەى لە داهاتوودا ببنە خاوەن کارى خۆیان و، بەشداری بکەن لە گەشەکردن و داهێنانی کۆمەڵگە ناوخۆییەکەیان بکەن.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان چەند پۆلێک و کەمپسى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیان لە زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر بەسەر کردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى ژینگەى خوێندن لە کۆلێژەکە بوون، لە کۆتایشدا؛ مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى سەرۆکى بەشى زمانى ئینگلیزى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و بەشداریکردنى فێرخوازان لە گفتوگۆ زانستیەکە.
گەشتە مەیدانییەکان وەک ئەزموونێکی پەروەردەیی بەنرخ بۆ فێرخوازان دادەنرێت تا لە نزیکەوە ئاشناى ژینگە جۆراوجۆرەکان بن و، دیدگاکانیان فراوان بێت.