فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس چالاکیەکى هۆشیارى تەندروستى لەسەنتەرى بازاڕى هەولێر بەڕێوەدەبەن
بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستى هۆشیاری تەندروستی کۆمەڵگە، فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکیەکى هۆشیارى تەندروستیان لە بەردەم قەڵای مێژوویی هەولێر سازکرد.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى لە 27ی شوباتی 2024 بە سەرپەرشتی دکتۆر بێهناز شاهرخی سەحنە بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى لەگەڵ ئەو خەڵکانەى لە بازاڕ بوون گفتوگۆیان کرد و، ئامۆژگاری خۆراکییان پێشکەش کردن و، جەختیان لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی هاوسەنگ و خووی خواردنی تەندروست کردەوە، هەروەها هەڵسەنگاندنی تەندروستی دەستبەجێیان ئەنجامدا، لەوانە پێوانی پەستانی خوێن و ئاستی گلوکۆزی خوێن و ئەژمارکردنى پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) بۆ تاکەکان .
ئەو چالاکیە تەندروستی وەک سەکۆیەکی پەروەردەیی کاری کرد بۆ ڕێوشوێنی چاودێری تەندروستی خۆپارێزی و بەهێزکردنی هۆشیارى تەندروستى ئەندامانی کۆمەڵگە، هەربۆیە بەشداربووان سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی.