فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن خوێندنەوەى کتێبەکانیان باسکرد
لە چالاکیەکى نوێى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەئامانجى هاندانى فێرخوازان بۆ خوێندنەوەى کتێب بەتایبەت لە بوارى پسپۆڕى خۆیاندا، چالاکیەکى زانستى بەڕێوەبرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٥/٥/٢٠٢١) لە هۆڵى ( VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەئامادەبوونى ستافى زانستى بەشى ڕاگەیاندن، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم ناوەڕۆکى ئەو کتێب و سەرچاوە زانستیانەیان پێشکەشکرد، کە لەماوەى ڕابردودا بۆ دەوڵەمەندکردنى سەرخانى زانستیان خوێندبویانەوە.
لەو چوارچێوەیەدا هەریەک لە فێرخوازان (نالى عومەر خدر و ڕابەر خەلیل حەسەن) کورتکراوەى کتێبێکى تایبەت بە (وێنەى ڕۆژنامەوانى و گرنگى و ئەرکەکانیان) لە کارى ڕۆژنامەوانى باسکرد.
هەر لەو چالاکیەدا (ئەحمەد سەلام) خوێندنەوەى کتێبێکى ڕۆژنامەوانى باسکرد، کە تایبەت بوو بە (بەرهەمهێنانى تەلەفزیۆنى و ڕۆڵى دەرهێنەر)، بەهەمان شێوە (سروین محەمەد ئەمین) باسى لە کتێبێکى تایبەت بە (ڕاگەیاندن و هۆشیارى سیاسى) کرد، هەرچى فێرخواز (سروە کامەران یونس) بوو، خوێندنەوەى کتێبێکى تایبەت بە(ئیتیکى کارى ڕۆژنامەوانى) باسکرد.
پێشکەشکردنى ئەم چالاکیە، جگە لەوەى بۆ فێرخوازان دەبێتە هاندەرێکى گرنگ بۆ خوێندنەوەى کتێب و چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە سەرچاوەى زانستى، لەهەمان کاتدا بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ پێشکەشکردنى کۆمەڵێک بابەت و زانیارى ڕۆژنامەوانى لە بوارى ڕاگەیاندن بەفێرخوازانى هاوڕێیان، جگە لەوەش چالاکیەکە بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەى فێرخوازان تواناى دەبڕین و گوزارشتکردنیان لە بابەتەکان لەلا بەهێزتر بێ، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى میدیاکار و ڕۆژنامەوان بریتیە لە تواناى گوزارشتکردن لە شت و بابەتەکان و دەربڕینى بۆچونەکانیان لەسەر بابەتەکانى ڕۆژ.