فێرخوازانى بەشی تەلارسازی دیزاینى خانووەکانى گەڕەکى ڕاپەڕین و تەیراوە بەسەردەکەنەوە
بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەدیزاینى لایەنى تەلارسازى خانووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى 14-9-2022 سەرۆکایەتى بەشی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر گەشتێکى زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی پێنجەم بۆ گەڕەکەکانی (ڕاپەڕین و تەیراوە) لە شاری هەولێر رێکخست.
سەردانەکە لەلایەن هەریەک لە مامۆستای یاریدەدەر ئەسما ئەحمەد و مامۆستای یاریدەدەری گۆران ڕەشید سەرپەرشتی کران و، لە چوارچێوەی پێداویستیەکانی پڕۆژەی دیزاینی شار ڕێکخرابوو، بۆ ئەوەش لە سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئاشنایى لایەنى دیزاینى تەلارسازى شارنشینى هەریەک لە گەڕەکەکان کران، پاشان لە میانەى پرسیار و گفتوگۆى نێوان مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان ڕوونکردنەوە و زانیارى پێویستیان لەبارەى میکانیزمی دیزاینی شارەکان و پەیوەندییە کاراییە دروستەکانی نێوان هەموو باڵەخانە و گەڕەکەکان بەدەستھینا.
بەشی تەلارسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام هەوڵدەدات کار لەسەر بەستنەوەی خوێندنی ئەکادیمی لەناو زانکۆ لەگەڵ شوێنی کار و پڕۆژەی مۆدێرن بکات، تا فێرخوازان بتوانن زانیاری مەیدانی بەدەستبهێنن و ئاستى زانیاری و زانستیان لە پسپۆڕی ئەندازیاری شارستانیدا بەرز بکەنەوە.