فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانی کۆلێژی ئەندازیارى کشتوکاڵ لە زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٩/١٢/٢٠٢٢) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی کۆلێژی ئەندازیارى کشتوکاڵ لە زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر دەکەن.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە بەسەرپەرشتى دکتۆر سارە سوار بەڕێوەچوو، فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن ستافى کۆلێژەکە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، ئینجا چەند تاقیگەیەکى زانستى و کافتریاى کۆلێژەکەیان بەسەرکردەوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى کافتریاکەدا، فێرخوازان جەختیان لە گرنگیدان بە چارەسەرکردن و بایەخپێدان بە (پاکوخاوێنى گشتى، پاکوخاوێنى شوێنى کارکردن و خواردن دروستکردن لەناو کافتریایەکە، پاکوخاوێنى کەرەستەکانى بەکارهێنان) کردەوە، جگە لەوەش بەگرنگیەوە باسیان لە ڕێوشوێنەکانى سەلامەتى گشتى و سەلامەتى خۆراک بۆ فێرخوازان و مامۆستایان و سەردانیکەرانى کافتریایەکە کردەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى سامانى ماسیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاشناى حەوزى ماسى بەشەکە کران، کە جۆرەها ماسى لەخۆگرتوە و، هەندێک لە جۆرى ماسى دیکەش لەناو شوشەى تایبەت بۆ خوێندن مۆمیا کرابوون.
لە کۆتایی سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس تاقیگەی بایۆلۆجی (مایکرۆبایۆلۆجی)یان لە کۆلێژی ئەندازیارى کشتوکاڵ لە زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنایى ئەو ئامێر و پێداویستیانە بوون کە لە تاقیگەکەدا بەکارى دەهێنن.