فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان لە میانەى گەشتێکى زانستیدا ئاشناى وەرگێڕانی میدیایی کران
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٣/١٠/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی سینەما ئیمپایەریان لە شارى هەولێر کرد، سەردانە زانستییەکە لەلایەن هەردوو مامۆستاى یاریدەدەر (لەیلا بەهجەت شەریف و ڕۆژان حسێنی) سەرپەرشتى دەکران.
لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا؛ فێرخوازان ئامادەى نمایشکردنى فیلمێک بە زمانی ئینگلیزی بوون، پاشان مامۆستایانى سەرپەرشتیار گفتوگۆیان لەبارەى وشەسازی و لایەنە کەلتوورییەکانی فیلمەکە لەگەڵ فێرخوازان کرد، هاوکات فێرخوازان بەشێوەى گروپ شیکردنەوەیان بۆ لایەنە جیاکانى فیلمە لە ڕوانگەی وەرگێڕێکی پیشەگەرەوە کرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا مامۆستایانى سەرپەشتیار فێرخوازانیان ڕاسپارد بە وردی بیر لە مانا کەلتووری و جوانکارییەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە بکەنەوە، لە کۆتایشدا ڕووداو و چیرۆکی فیلمەکە کورت بکەنەوە و ئەمەش یەکێکە لە کارامەییە گرنگەکانی وەرگێڕ.
ئەم چالاکییە پراکتیکیانە هەنگاوێکى گرنگە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئاستى زانستی بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی خۆیان لە واقیعی پیشەییدا ئاوێتە بکەن و توانای زمانەوانی و کەلتووری و تەکنەلۆژییان بەرز بکەنەوە، ئەمەش باشتر بۆ بازاڕی کارئامادەیان دەکات، تا لە بوارى میدیایدا وەرگێڕان بکەن.