
فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان چالاکیەکیان دەربارەی لێهاتووییەکانی پەیوەندیکردن لە ژینگەی زانکۆدا پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی کرد.
- Categories بەشی وەرگێڕان
- Date تشرینی یەکەم 16, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 15/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان–هەولێر، بابەتێکیان بەناونیشانی «لێهاتووییەکانی پەیوەندیکردن لە ژینگەی زانکۆدا» لە قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر زینە مەحمود ئەمین ڕێکخرابوو، سەرەتاش فێرخوازان لەلایەن مەحمود عیماد محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا.
دواتر فێرخواز محەمەد عامر محەمەد کورتەیەکی لەبارەى بەشی وەرگێڕان بۆ قوتابیانی قوتابخانەکە خستەڕوو و جیاوازییەکانی نێوان ژینگەی قوتابخانە و زانکۆی ڕوونکردەوە. دوای ئەو، فێرخواز ڕوئیائـئەسعەد عەبود باسی لە جۆرە جیاوازەکانی پەیوەندیکردن کرد، کە لە ژینگەی زانکۆدا بەکاردەهێنرێن.
لە لایەکی دیکەوە، فێرخواز مەریەم عەبدولباری حەمودی بابەتێکی دەربارەی جۆرەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی لە ژینگەی زانکۆدا پێشکەش کرد. سەرباری ئەمەش، فێرخواز عەبدولموهایمین هیلال مقی سەرنجی خستە سەر کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و پەیوەندیکردنی سەرەوژوور و سەرەوخوار (Upward and Downward Communication).
هەر لەو چوارچێوەیەدا فێرخواز عائیشە خالید کەریم تیشکی خستە سەر گرنگیی ئیمەیڵ، پلاتفۆرمی موودڵ (Moodle) و، سیستمە جیاوازەکانی ئۆنلاین. لە کۆتاییدا، فێرخواز تارق زیاد تارق باسی لە پەیوەندیکردنی زارەکی (یەک ئاڕاستەیی و دوو ئاڕاستەیی) کرد و جەختی لەسەر گرنگیی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی سەرەکیی خوێندن و پەیوەندیکردن لە زانکۆی جیهان–هەولێر کردەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر زینە مەحمود ئەمین و، فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کرد.



