
فێرخوازانی بەشی ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک سەردانی (Robot Café) دەکەن
- Categories بەشی ئهندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك
- Date تشرینی یەکەم 16, 2026
گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک لە زانکۆی جیهان–هەولێر بەشدارییان لە سەردانێکی زانستیدا کرد بۆ بەسەرکردنەوەى سەنتەری (Robot Café).
لەو سەردانەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 15/10/2026 بە سەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر، عادل حسێن محەمەد بەڕێوەچوو، فێرخوازان ئاشناى سێ روبۆت و چۆنیەتیی کارکردنیان بوون.
لەو چوارچێوەیەدا ئازاد حەسەن ڕەشید، خاوەنی بیرۆکە و سەنتەرەکە، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی فێرخوازانی زانکۆی جیهان–هەولێر دەڕبڕی و، وتى: ئامانجی سەنتەرەکە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نوێییەکانە بۆ خزمەتکردنی سەردانیکەرانی کافێیەکە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە چوار ئەرکی دیاریکراو بۆ هەر روبۆتێک دیاریکراوە.
ئازاد حەسەن ڕەشید ستایشی ڕۆڵی مامۆستایانى بەشى ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پڕۆژەکەدا کرد، کە شیکردنەوەی چۆنیەتیی دەستپێکردن تا گەییشتن بە قۆناغە کۆتاییەکان هاوکار و هەماهەنگیان بوون.
بۆ ئەوەش مامۆستاى یاریدەدەر عادل حسێن محەمەد ڕوونکردنەوەی لەبارەی بەشەکانی سیستمەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لە شاشەکانى داواکاری و چۆنیەتیی ناردنی فەرمان بۆ روبۆتی پەیوەندیدار بەپێی داواکاریی کڕیار، تا تەواوکردنی پێدانی ئەلیکترۆنی یان لە ڕێگەی ئامێری پێدانەوە و، دواتر ناردنی داواکارییەکە بۆ روبۆتەکە بۆ ئامادەکردنی داواکارییەکەی خوازیار.
ئەندامانی تیمی کار لە دروستکردنى ئەو پرۆژەیە لە سێ زانکۆی ناوخۆییەوە بەشدار بوون: سەرۆکی تیمی کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، هاوکات پرۆگرامسازى یەکەم لە زانکۆی دهۆک و، پرۆگرامسازى دووەمیش لە زانکۆی سەلاحەدین بوون. تیمەکە بە هاوبەشی کاریان کردووە تا گەییشتن بە قۆناغی کۆتایی.
ئازاد حەسەن جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە یەکەم پڕۆژەی لەم جۆرەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و، دەبێتە دەستپێکێکی زانستیی نوێ لە ڕووی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە بەکارهاتووەکان لەم روبۆتانەدا.



