فێرخوازانى زانستی کۆمپیوتەر گەشتێکى زانستى بۆ کۆمپانیایەکى تۆڕى ئینتەرنێت و گەیاندن ئەنجام دەدەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠/٥/٢٠٢٣ سەرۆکایەتى بەشى زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بۆ کۆمپانیای (ئاڵاى نەورۆز تیلیکۆم) لە شارى هەولێر ڕێکخست.
سەردانە زانستیەکە بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەرەوە دکتۆر ڕیم جەعفەر ئیسماعیل بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان بە کۆمپانیاکە لەلایەن خاتوو سیما سەلام یەعقوب کارمەندیی یاسایی پێشوازیان لێکرا، لە وتەیەکیدا کورتە باسێکى گشتى لەبارەى دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە کوردستان و شێوازى کارکردنیان بۆ فێرخوازان باسکرد، وتى کۆمپانیاکەمان کار لەسەر بەستنەوەی شار و ناوچەکانی کوردستان دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەش هەوڵدەدات خزمەتگوزارییەکانی بۆ بەشداربووان پەرەپێبدات، ئاشکراشیکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشکەوتنی نوێ ڕادەگەێنن، کە پەیوەندییان بە خێرایی پەیوەندییەکانەوە هەیە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا، فێرخوازان ئاشناى چۆنیەتی دیزاینکردنی تۆڕەکان لە ناوچەکان و شارەکان لەڕووی ئامێر و کەلوپەلەکان کران، هەروەها باسى ئەو ئاستەنگانەشیان بۆ کرا، کە ئەندازیاری تۆڕەکە لە کاتى کارکردن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەت لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی کڕیارانی بەشداربوان لە تۆڕەکەدا بەتایبەتی لە ناوچەکانی دوور لە ناوەندی شار، و چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان.
لە کۆتایشدا فێرخوازان بەشەکانى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشنابوون بە بەشە جیاوازەکانی خزمەتگوزاری کڕیاران و بەشی سەرچاوە مرۆییەکان و وێبسایتى کۆمپانیاکە.