فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە جەژنی ئیستەر (Easter)دا ناوچە کەلتووری و شوێنەوارییەکانى ئیتاڵیا بەسەردەکەنەوە
لە پەراوێزى خوێندنەکەیان لە پۆڵندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ئیتاڵیایان کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى ناوچە کەلتورى و شوێنەوارییەکانى ئەو وڵاتە بوون و، جەژنی ئیستەر (Easter)یان لەو وڵاتە بەسەر برد.
هەریەک لە فێرخوازان لاڤین وەلید بیراومر لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و، مەیس لۆی قاسم لە بەشى (شیکارى کیمیایی پزیشکى) و، هەریەک لە مینا حسین کەریم، ڤینێ خەلیل میرزا و منی صاڵح سلیمان لە بەشى (بایۆمیدیکاڵ)، کە ئێستا سەرقاڵى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندنن لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) سەردانى شارى میلانۆیان لە ئیتاڵیا کرد، لەوێ سەردانی دومۆ دی میلانۆ (Duomo di Milano)یان کرد، فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى دومۆ دى میلانۆ سەرسام بوون بە لایەنە تەلارسازییە ئاڵۆزەکەی، پاشان لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا لە شارى ڕۆما کۆلۆسیۆم (Colosseum)یان بەسەرکردەوە، کە ئاماژەیە بۆ گەورەیی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی. ئەوان بەدواداچوونیان بۆ لایەنە مێژویی و دێرینەکان کرد و، سەرەنجیان خستە و ڕووداوە مێژووییەکانى ئەو سەردەمە.
بەدرێژایی گەشتەکەیان، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر جگە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکى ڕەسەنى شارەکان، ئاشناى لایەنى کەلتور و نەریتى خواردنەکانی ئیتاڵی و ژیانی ڕۆژانەی ئیتاڵیا بوون، بەوەش ئەزمونێکى دیکەى مەیدانیان خستە سەر ئەزمونى زانستى و کەلتوریان و لە نزیکەوە ئاشناى نەریتى کۆمەڵگەیەکى ئەوروپى بوون.