فێرخوازانى زمانى ئینگلیزى پراکتیزەى زمان لە ژیانى ڕۆژانەیان دەکەن
بۆ پراکتیزەکردنى ئاستى شارەزایی و فێربوونى زمانى ئینگلیزى بۆ ڕایکردنى کاروبارى ژیانى ڕۆژانە لە شوێنە جیاوازەکان، سەرۆکایەتى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى پراکتیکى بەڕێوەبرد.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (9/10/2022) فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری مەرجان عەباسیان، لە کافتریای زانکۆی جیهان چالاکیەکى پراکتیکیان ئەنجامدا، کە تایبەت بوو بەکارهێنانی چەمک و وشە ئینگلیزییەکان بۆ داواکردنی خواردن و خواردنەوە لە چێشتخانە و کافتریاکان.
لەسەرەتاى چالاکیەکەدا، فێرخوازان بینەرى چەند ڤیدیۆیەک بوون، کە پەیوەندیان هەبوو لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی بۆ مەبەستی داواکردنی خواردن و خواردنەوە، دواتر فێرخوازان لە کافتریایەکە هەریەک ڕۆڵی ڕاستەقینەیان بینی وەک گارسۆن و کڕیار، لە میانەى ڕۆڵگێڕانەکەیاندا فێرخوازان ئەو چەمک و وشە و دەستەواژانەیان بەکار دەهێنا، کە لە ژیانى ڕۆژانە و کاتێک سەردانى کافتریا و چێشتخانەکان دەکەن پێویست دەکات بەکاریان بهێنن.