فێرخوازانى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە نەخۆشخانەیەک بەدواداچون بۆ شێوازى کارکردن لە چێشتخانەکەى دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بەشێوازى کارکردن لە چێشتخانەى نەخۆشخانەکان، فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى چێشتخانەیەکى نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە شارى هەولێر دەکەن.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٧/١١/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتی خاتوو ڕەغد الجمرد، فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانى نەخۆشخانەى (پار)ى تایبەتیان لە شارى هەولێر کرد و، میکانزمەکانى کارکردنی چێشتخانەی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرپەرشتیاری چێشتخانەکە ڕونکردنەوەى تەواوى لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى چێشتخانەکە و، چۆنیەتى ئامادەکردنى خواردن پێشکەش بەفێرخوازان کرد، هاوکات بەوردى باسى میکانیزمی هەڵبژاردن و کڕینی کەرەستەی خاو و چۆنێتی پاراستنى لە شوێنى تایبەت کرد تا بەها خۆراکیەکانى لە دەست نەدات، هەروەک شێوازى پێشکەشکردن و دابەشکردنی خۆراک لە کاتی ژەمەکاندا بەشێکى دیکەى قسەى سەرپەرشتیارى چێشتخانەکە بوون.
فێرخوازان لە میانەى گفتوگۆکانیاندا باسیان لە سەرجەم ئەو گرفتانە کرد کە لە چێشتخانە گەورەکاندا ڕوبەڕووى پسپۆڕانی خۆراک دەبێتەوە، لەوانەش چێشتخانەى نەخۆشخانەکان، هەروەها گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتی داڕشتنی چارەسەر و پلانی شوێنگرەوە کرد، چالاکییەکە بو وێستگەیەک بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەى فێرخوازان بۆ ئامادەکردنى خۆراکى تەندروست لە نەخۆشخانەکە لەژێر ڕێنمایی پسپۆڕانى خۆراک بەتایبەت دەرچوانى نیوتریشن و دایەتێتیکس.