فێرخوازانى چارەسەری سروشتى لە قوتابخانەیەکی حکومی باس لە هۆشیاری چۆنیەتى باشکردنى دۆخی دروستی جەستە دەکەن
لە چوارچێوەی کارو پرۆژە جیاکان بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە لە بوارى جەستەیی و تەندروستیدا، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی چارەسەری سروشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لەسەر گرنگی دۆخی دروستی جەستە بۆ فێرخوازانى پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە قوتابخانەی شێخ مەحمودی کوڕان سازکرد.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٥) لە قوتابخانەى شێخ مەحمودى کوڕان، بەئامادەبونى زوهێر محەمەد، پسپۆڕی دیار لە بوارى چارەسەرى سروشتى فێرخوازان بابەتەکەیان پێشکەشکرد، سیمینارەکە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی گرنگى لەخۆگرت، لەوانە شێوازەکانى دانیشتنی دروست، ڕێکخستنی دروستی کورسی و مێزەکان، هەروەها گرنگی هەڵبژاردنی شوێنی دانیشتنی ئارام بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی ماسولکە و ئێسک. لە کاتى پێشکەشکردنى سمنارەکەیاندا ڕاهێنانى نمونەییان بۆ باشترکردنی دۆخی جەستە و نەهێشتنی گرژی ماسولکەکانی پیشانى قوتابیانى قوتابخانەکە دا، بەمەبەستى یارمەتیدانى قوتابیان تا باشتر بڕبڕەی پشت و جومگەکانیان بپارێزن لە زیانە درێژخایەنەکان، کە زۆرجار بەهۆی خووی ناتەندروستەوە تووشی دەبن.
کۆتایی سیمینارەکە بە خستنەڕووى کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامی کارلێککارانە کۆتایی هات، کە تیایدا فێرخوازان پرسیارەکانیان سەبارەت بە کێشەکانی دۆخی جەستە و کاریگەریەکانیان لەسەر تەندروستی خۆیان وروژاند. بۆ ئەوەش ستافى کارگێڕى قوتابخانە سوپاس و پێزانینیان پێشکەشى ئەو دەستپێشخەرییە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، جەختیان لەسەر گرنگییەکەی لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاری تەندروستی لەنێو قوتابیان کرد و، دەبێتە هەنگاوێکى گرنگ لە باشترکردنی کوالیتی ژیانی ڕۆژانەیان.