فێرخوازانى ڕاگەیاندن بەگەشتێکى زانستى کەناڵى (AVA ENTERTAINMENT TV) بەسەردەکەنەوە
لە بەردەوامى چالاکیە زانستى و مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان ڕێکى دەخات، رۆژی سێشەمە ڕێکەوتی (٩/٥/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ( ئاراد حسن زادە)، فێرخوازانى قۆناغى دووەم بەگەشتێکى زانستى کەناڵى (AVA ENTERTAINMENT TV)یان بەسەرکردەوە.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە ئامانج لە ڕێکخستنى ئاشناکردنى فێرخوازان بوو بەپرۆسەکانى کارکردن لە تەلەڤزیۆن و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن، فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن کەیفی محەمەد بەڕێوەبەری کارگێڕى تەلەڤزیۆن و سەید حەسەن سەید پوور پیشوازیان لێکرا، ئینجا بەشە جیاکانى تەلەڤزیۆنی ئاڤایان بەسەر کردەوە.
لەو چوارچێویەدا، سەرەتا سەردانى بەشی سۆشیال میدیاى کەناڵەکەیان کرد، تێدا لەلایەن سەرپەرشتیارانى بەشەکە باس لە گرنگی سۆشیال میدیا بۆ تەلەڤزیۆن و چۆنیەتی کارکردنیان لەو بەشە بۆ فێرخوازان کرد، پاشان فێرخوازان بەشی وێنەگرتنى کەناڵەکەیان بەسەرکردەوە، لەلایەن وێنەگرانەوە باس لە جۆرەکانی کامێرا لە تەلەڤزیۆن وێنەگرتنی تەلەڤزیۆن بۆ پرۆگرامە جیاوازیەکانیان بۆ فێرخوازان شی کردەوە، هاوکات بەشەکانى ئێدیت و مۆنتاژ و بەکارهێنانی سۆفتوێرەکانی پریمیەر و ئافتر ئێفێکت وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەى فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندنى پێکدەهێنا.
تەلەڤزیۆنی ئاڤا تیڤی چەندین بەرنامەی جۆراجۆر لە ستۆدیۆکانی خۆی بەرهەم دێنێت، ئەوەش دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی فێرخوازان لە نزیکەوە بتوانین ئاشناى دیکۆر و ستۆدیۆکانی بەرنامەکان ببن، جگە لەوەش لە ژووری کۆنتڕۆڵی تەلەڤزیۆن فێرخوازان ئاشناى کاروبارەکانى کارمەندانى کۆنتڕۆڵ و گرنگى کارى کۆنتڕۆڵ لە تەلەڤزیۆن بوون.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان بەشى (ئینجێست)یان بەسەرکردەوە، ئەوەش ڕونکرایەوە ئەرکەکانی ئەم بەشە بریتین لە کۆپیکردن و دابینکردنی ماتریاڵەکانی وێنەیی بۆ بەشە جیاوازەکانی تەلەڤزیۆن.