
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاکیەک دەربارەى گرنگی کاری تیمیی و هاوکاری لە قوتابخانەی بنەڕەتی مەولەوی بەڕێوەدەبەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 22, 2026
ڕۆژی سێشەممە، ڕێكکەوتی 20/10/2026، گرووپێك لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان ـ هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولوود، سیمینارێکی زانستییان بەناونیشانی (کاری تیمی و هاوکاری) لە قوتابخانەی بنەڕەتیی مەولەوی بۆ قوتابیانی پۆلەکانی حەوتەم و هەشتەم بەڕێوەبرد. لە سەرەتای چالاکییەکەشدا، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لەلایەن مامۆستا هۆگر لەتیف عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتیی مەولەوی پێشوازییان لێ كرا.
ناوەڕۆکی سیمینارەکە: کاری تیمی و هاوکاری
لە بەشی یەكەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز موحەممەد حوسێن عومەر باسی لە گرنگیی کاری تیمی و هاوکاریی کرد و ڕوونی کردەوە کە کارکردنی بە کۆمەڵ یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتن لە خوێندن و ژیانی ڕۆژانەدا. ئاماژەی بەوەش دا کاتێک کەسەکان بە شێوەیەکی هاوبەش کار دەکەن، دەتوانن بیر و بۆچوونەکانیان لەگەڵ یەکتر بگۆڕنەوە، ئەرکەکان دابەش بکەن و بە هاوکاریی یەکتر بە ئامانجەکانیان بگەن.
باسی لەوەش كرد، درووستکردنی تیم و کارکردن لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا یارمەتیی تاکەکان دەدات کاتەکانیان بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەببەن و لە بەفیڕۆدانی کات و وزە خۆیان بپارێزن. کاتێک هەر ئەندامێکی تیم بەرپرسیارییەکی دیاریکراوی هەبێت و بە پابەندییەوە ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، کارەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر پێش دەچن و گەیشتن بە ئامانجەکان ئاسانتر دەبێت. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاری تیمی تەنها کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس نییە، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری، گوێگرتن لە یەکتر، ڕێزگرتن لە بۆچوونی جیاواز و هەستکردن بە بەرپرسیاریی هاوبەش هەیە. هەر ئەندامێک دەبێت بەشداریی خۆی بکات و لە کاتی پێویستدا یارمەتیی ئەندامانی دیکە بدات.
گرنگیی کارکردن بە کۆمەڵ و بەڕێوەبردنی کات
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەكەدا، موحەممەد حوسێن تیشکی خستە سەر سوودەکانی کارکردنی بە کۆمەڵ، لەوانە بەکارهێنانی کات بەێوەیەكی باش، ڕێکخستنی ئەرکەکان، هاوبەشکردنی بیر و بۆچوون و یارمەتیدانی یەکتر بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە دابەشکردنی ئەرکەکان بە پێی توانای ئەندامانی تیم و دیاریکردنی بەرپرسیارییەکان یارمەتیی ئەنجامدانی کارەکان بە شێوەیەکی خێراتر و ڕێکخراوتر دەدات. کاتێک هەر ئەندامێک بەشەکەی بە ئەنجام دەگەیەنێت و لەگەڵ ئەندامانی دیکە هاوکاری دەکات، تیم دەتوانێت بە کاتێکی کەمتر کارێکی باشتر ئەنجام بدات و بە ئاسانیی زیاتر بگاتە ئامانجەکانی. ئەوەشی ڕوونكردەوە کە هاوکاری و هاوبیریی دەتوانن چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسانتر بکەنەوە و یارمەتیی درووستکردنی پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان ئەندامانی تیم بدەن.
لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا، فێرخوازان(ئیلهام نەجات عەبدولقادر) و (فەرهاد نەشئەت خەلیل) بەشدارییان لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی بیر و بۆچوونەکاندا کرد، قوتابیانیش دەرفەتیان هەبوو پرسیارەکانیان بکەن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن، کە ئەمەش بووە هۆی بەشداریی زیاتر و تێگەیشتنی باشتر لە گرنگیی کاری تیمی و هاوکاری.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی بنەڕەتیی مەولەوی، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان ـ هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم سیمینارە زانستییە و بەشدارییان لە هۆشیارکردنەوەی قوتابیان دەربارەی گرنگیی کاری تیمی و هاوکاری.
You may also like


