فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا مۆزەخانەی نیشتمانیی وارشۆ بەسەر دەکەنەوە
گرووپێک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کە ئێستا بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لەو وڵاتە نیشتەجێن، رۆژى پینچ شەممە رێکەوتى (٢١/٥/٢٠٢٦) سەردانێکی مەیدانییان بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی لە شاری وارشۆ (National Museum in Warsaw) ئەنجامدا.
لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، فێرخوازان بەشە سەرەکییەکانی مۆزەخانەکەیان بەسەرکردەوە و گەشتێکیان بۆ ناو مێژووی چەندین سەدەی جیاواز ئەنجامدا، لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازان لە “گەلەریی هونەری کۆن” ئاشنای شوێنەوارە دەگمەنەکانی میسر و یۆنان و ڕۆما بوون، هەروەها سەردانی “گەلەریی فاراس”یان کرد کە بەناوبانگترین بەشی مۆزەخانەکەیە و گەورەترین کۆمەڵەی نەخش و نیگاری کەنیسەکانی “نوبیا” لەخۆدەگرێت. لە بەشی “شێوەکاریی پۆڵەندی”یشدا، فێرخوازان لە نزیکەوە تابلۆ مێژووییە گەورەکانی وەک کارەکانی (یان مەتیجکۆ)یان بینی و شیکردنەوەیان بۆ ڕەهەندە نەتەوەیی و شارستانییەکانی ناو تابلۆکان کرد. ئەم گەشتە مەیدانییە تەنها بینین نەبوو، بەڵکو فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بە وردی سەرنجی تەکنیکە هونەرییەکان و شێوازی پاراستنی پارچە شوێنەوارییەکانیان دا، کە ئەمەش تێگەیشتنیان بۆ پێگەی کەلتووری و مێژووی پۆڵەندا و جیهان قووڵتر کردەوە.
گروپەکەى فێرخوازان پێکهاتوون لە(کۆسرەت ئازاد خدر و ڕەوا عبدالستار جبار) فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و (عبد الله مثنى عبد الرزاق محمد) فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (هێڤار هەژار محمد) فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی تەواوی خوێندن لە زانکۆی “وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (Warsaw University of Life Sciences)”. ڕویان لەو وڵاتە کردوە.
فێرخوازان لە کۆتایی سەردانەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە بینینی ئەم شاکارە هونەری و مێژووییانە، وێڕای بەسەربردنی کاتێکی پڕ بایەخ بەیەکەوە وەک فێرخوازی نێودەوڵەتی، دیدێکی نوێی پێ بەخشیوون دەربارەی گرنگیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پەرەپێدانی مرۆیی، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە بونیادنانی کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر بۆ داهاتووی کوردستان.








